کێشە جۆراوجۆرەکانی تاڵیبان بەردەوامە!
لە ئەنجامی چەند هێرشێکی هێزەکانی ئەحمەد مەسعود و عەلیپوور لە دژی پێگەکانی تاڵیبان ١٥ کەس کوژران و برینداربوون.
هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ هێزەکانی ئەحمەد مەسعود لە شارۆچکەی بەهارەکی پارێزگای تەخار، هێرشیان کردە سەر ناوەندێکی هەواڵگری تاڵیبان. بەوتەی سەرچاوەکان، لەم هێرشەدا سێ ئەندامی تاڵیبان کوژراون و چواری دیکەش برینداربوون.
هەروەها هێزەکانی ئەحمەد مەسعود هێرشێکی دیکەیان کردووەتە سەر پێگەکانی تاڵیبان لە “حسە”ی پارێزگای کاپیسا کە تێیدا چوار ئەندامی تاڵیبان کوژراون.
لە لایەکی دیکەوە دوای هێرشێکی هێزەکانی سەر بە عەبدولغەنی عەلیپوور بۆ سەر پێگەکانی تاڵیبان لەسەر هێڵی سنووری پارێزگای مەیدان وەردەک و دایکندی، چوار ئەندامی تاڵیبان کوژران.
هێرشەکانی هێزەکانی ئەحمەد مەسعود و عەلیپوور بۆ سەر پێگەکانی گروپی تاڵیبان لە کاتێکدا دێت کە پێکدادانەکانی ئەو گروپە لەگەڵ فەرماندەکانی پێشوویی لە پارێزگاکانی فاریاب و سەرپۆل بەردەوامە.
بارودۆخی شڵەژاوی ئابووری، پێکدادانی بەردەوام لەگەڵ هێزە خۆجێییەکان و ناکۆکییە ناوخۆییەکان، تاڵیبانی ڕوبەڕوی چەند کێشەیەکی ئەمنی لە چەند مانگی داهاتوودا دەکات. ئەم کێشانەش دەتوانێت ببێتە ئەگەری لەدەستدانی کۆنترۆڵی هەندێک ناوچە لەلایەن تاڵیبانەوە و ئەمەش ڕێگە خۆشکەر دەبێت بۆ سەرهەڵدانی گروپە جۆراوجۆرەکانی وەک داعش لەو ناوچانەدا.
لێدوانەکان