هێزەکانی واگنەر لە بنکەی فەرەنسا لە مالی جێگیر کران
هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ ووتەبێژی سوپای مالی جێگیرکردنی هێزەکانی ڕوسیای لە بنکەی تیمبوکتو ڕاگەیاند.
بە وتەی وتەبێژی سوپای مالی، ڕاوێژکارانی روسی (ناسراو بە واگنەر) بۆ مەشقپێکردنی هێزەکانی سوپای مالی لە بنکەکەی شاری تیمبوکتو بڵاوەیان پێکراوە. ناوبراو لە لێدوانەکەیدا وەرگرتنی یارمەتی سەربازی لە ڕووسیای پشتڕاست کردەوە کە چەندین هەلیکۆپتەر (میل ١٧) و کەلوپەلی دیکەی سەربازی لەخۆدەگرێت.
پێشتر بنکەی تیمبوکتو بۆ ماوەی هەشت ساڵ لە ژێر کۆنترۆڵی سوپای فەرەنسادا بوو کە پاش گرژییەکانی نێوان فەرەنسا و حکومەتی مالی لەسەر بوونی هێزەکانی ڕوسیا لەو وڵاتە، لە کانونی یەکەمی ٢٠٢١ کشانەوە.
بەڵێندەرە سەربازییەکانی ڕوسیا، گروپێکی سەربازی ڕووسین کە میدیاکانی ڕۆژئاوا پێیان دەڵێن “واگنەر”. وڵاتانی ڕۆژئاوا بەردەوام ئەم گروپەیان بە پێشێل کردنی مافی مرۆڤ و تاوانی جەنگ تۆمەتبار کردووە. بە پێی زانیارییەکانی “هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام” لە سەرچاوەکانی ئاگاداری ڕووسیاوە، هیچ گروپێک بە ناوی واگنەر لە ڕووسیادا بوونی نییە؛ بە گشتی پەرلەمان و پێکهاتەی سەربازی روسیا ڕێگە بە پێکهێنانی ئەو جۆرە گروپە سەربازیانەی بە کەرتی تایبەت لە فیدراسیۆنی ڕووسیا نادەن. ئەم بەڵێندەرانە لە راستیدا بەشێکن لە سەربازە ڕووسییەکان لە وڵاتانی ئامانج. بۆیە پێدەچێت پێکهاتەی ئەم گروپە لە کۆمپانیا و کەرتی تایبەتی وڵاتانی ڕۆژئاوا بە ئەمریکاشەوە زۆر جیاواز بێت.
لە ئێستادا بەڵێندەرە سەربازییە تایبەتەکانی ڕووسیا لە شەڕەکانی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا، سوریا، لیبیا و هتد ئامادەبوونێکی کارایان هەیە. لە مالی، حکومەت ئەو وڵاتە بە ڕەتکردنەوەی تۆمەتەکانی ڕۆژئاوا، بوونی هێزەکانی ڕووسیای لەو وڵاتە لە چوارچێوەی ڕێکەوتنێکی دووقۆڵیدا ڕایگەیاندووە.
لێدوانەکان