تاڵیبان ئەنجومەنی زانایانی ئایینی پێکدێنێت
مەلا هەیبەتوڵڵا ئاخوندزادە سەرۆکی تاڵیبان فەرمانی بە پێکهێنانی ئەنجومەنی زانایانی ئایینی کردووە.
هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ بەگوێرەی سەرچاوە خۆجێییەکان، مەلا هەیبەتوڵڵا ئاخوندزادە، ڕێبەری تاڵیبان لە کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی ناوخۆی ئەو گروپە لە پارێزگای قەندەهار، فەرمانی بە پێکهێنانی ئەنجومەنی زانایانی ئایینی داوە.
ناوبراو ئامانجی ئەنجومەنەکەی دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشە کۆمەڵایەتی و حکومیەکان لە پارێزگاکانی ئەفغانستان ڕایگەیاندووە.
بەپێی سەرچاوە خۆجێییەکان، سەرجەمی ئەندامانی ئەنجومەنەکە لەلایەن سەرکردایەتی تاڵیبانەوە هەڵبژێردراون و پێیان ڕاگەیاندراوە کە بەبێ مۆڵەت مافی قسەکردنیان لەگەڵ هیچ میدیایەک نییە.
لەوبارەیەشەوە “بیلال کەریمی” جێگری گوتەبێژی تاڵیبان پێکهێنانی ئەنجومەنەکەی پشتڕاست کردەوە و ئەوەشی خستەڕوو: تا ئێستا کار لەسەر پێکهێنانی ئەو ئەنجومەنانە کۆتایی نەهاتووە. دامەزراندنی ئەو جۆرە ئەنجومەنانە دەتوانێت لە بوارەکانی پەیوەندی و ئاسانکاری لە کاروبارەکان و هەروەها یەکخستنی نەتەوە و حکومەت (تاڵیبان) یارمەتیدەر بێت.
بەو پێیەی هێشتا پێکهاتە و بواری بڕیاردانی ئەنجومەنەکە دیاری نەکراوە، دەتوانرێت بوترێت کە تاڵیبان بەدوای پێکهێنانی ئەنجومەنێکدایە کە بتوانێت پرسە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان بە یاسای ئایینی جێبەجێ بکات.
لێدوانەکان