هۆشداری توندی تاڵیبان بە تاجیکستان و ئۆزبەکستان
مەلا محەممەد یەعقوب موجاهید، وەزیری بەرگری تاڵیبان داوای گەڕانەوەی فڕۆکە جەنگییەکان و هەلیکۆپتەرەکانی حکومەتی پێشووی ئەفغانستانی لە وڵاتانی تاجیکستان و ئۆزبەکستان کرد.
هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ مەلا محەممەد یەعقوب موجاهید، وەزیری بەرگری تاڵیبان لە کۆنفرانسی فڕۆکەوانان و ئەندازیارانی هێزی ئاسمانی سوپای ئەفغانستان، هۆشداری بە تاجیکستان و ئۆزبەکستان دایەوە کە دەبێت فڕۆکە جەنگییەکان و هەلیکۆپتەرەکانی ئەو وڵاتە بگەڕێننەوە. موجاهید لە بەردەوامیی هەڕەشەکانیدا وتی: ئەگەر تاجیکستان و ئۆزبەکستان ئەم کارە نەکەن، ڕووبەڕووی کاردانەوەی توندی تاڵیبان دەبنەوە.
ناوبراو وتیشی: «ڕەنگە ئێمە لاواز بین، بەڵام بێ دەمار نین و هەموو ئەو هەلیکۆپتەر و فڕۆکانەی خۆمان وەردەگرینەوە کە لە کاتی ڕووخانی حکومەتی پێشوودا ڕوویان لە تاجیکستان و ئۆزبەکستان کردووە.»
بە وتەی بەرپرسانی تاڵیبان، هێزی ئاسمانی ئەفغانستان بە گشتی ٢٨٩ هەلیکۆپتەر و فڕۆکەی سەربازی هەیە کە لەئێستادا ٥٠ فڕۆکەیان توانای ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن و فڕینیان هەیە. هەروەها لە کاتی ڕووخانی حکومەتی پێشوودا ٦٢ هەلیکۆپتەر و فڕۆکەی سەربازی پەنایان بۆ تاجیکستان و ئۆزبەکستان بردووە.
هاوکات لەگەڵ هەڕەشەکەی تاڵیباندا، “ئیمامعەلی رەحمانۆف” سەرۆک کۆماری تاجیکستان لە دوایین کۆبوونەوەی هاوبەشی وڵاتانی ئەندام لە ڕێکخراوی پەیمانی ئاسایشی کۆمەڵ، بەبیانووی بارودۆخی ئاڵۆزی ئەمنی و کێشە ناوخۆییەکانی تاڵیبان، داوای دروستکردنی پشتێنێکی ئەمنی لە سنوورەکانی تاجیکستان و ئۆزبەکستان لەگەڵ وڵاتی ئەفغانستانی کردووە.
گرژییەکانی نێوان وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست لە کاتێکدا دێت کە وەزارەتی بەرگری تاڵیبان لە ئامادەیی ٨٠ هەزار سەرباز بۆ بەرگری کردن لە ئەفغانستان هەواڵی داوەتەوە.
لێدوانەکان