هێزە خۆڕاگرییەکانی عێراقی: هێزەکانی ئەمریکا بە ڕیسوایی لە عێراق دەردەکەین
دەستەی هەماهەنگی گروپە خۆڕاگرییەکانی عێراقی جەختی لەوە کردەوە کە ئەمریکا جدی نییە لە کشانەوەی هێزەکانی لە عێراق، بەڵام خۆڕاگری بە دڵنیاییەوە هێزەکانی ئەو وڵاتەی دەردەکات.
دەستەی هەماهەنگی گروپەکانی خۆڕاگری عێراقی ڕۆژی سێشەممە بەیاننامەیەکی سەبارەت بە کشانەوەی هێزە سەربازییەکانی بیانی لەو وڵاتە بڵاوکردەوە.
دەستەکە لە کەناڵی تەلەگرامەکەیدا نوسیویەتی: «ڕۆژانە بۆمان زیاتر ڕوون دەبێتەوە کە هێزە داگیرکەرەکانی ئەمریکا لە جێبەجێکردنی داواکارییەکانی گەلەکەمان و بڕیاری پەرلەمانی عێراق سەبارەت بە کشانەوەیان لەم وڵاتە جدی نیە.»
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: خۆڕاگری عێراق لە بەرامبەر خواستی چەند گروپێکی سیاسی کە لەگەڵ حکومەتدا کار دەکەن، دەرفەت بە سوپای ئەمریکا درا تا بڕیارەکەی پەرلەمانی عێراق و مسۆگەربوونی داواکارییەکەی خەڵک جێبەجێ بکرێت.
لە درێژەی ئەو بەیاننامەیەدا هاتووە: خۆڕاگری لەو ماوەیەدا پشوودرێژانە هەڵسووکەوتی کرد تا «ڕەنگە حکومەت ئەرکەکەی خۆی بۆ دەرکردنی هێزە داگیرکەرەکان لە عێراق جێبەجێ بکات.. بەڵام وادیارە واشنتۆن پێداگری لەوە دەکات کە هێزە داگیرکەرەکانی لە عێراقدا بهێڵێتەوە.»
خۆڕاگری عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، کە ئەمریکا بەنیازە هێزەکانی لە بنکەکانی ئێستادا بهێڵێتەوە و هەروەها کۆنترۆڵی ئاسمانی عێراقی لەدەستدا بێت و سیخوڕی لەو ناوچانە بکات کە تیرۆریستانی داعشی تێدا نیە.
لەو بەیاننامەیەدا جەخت کراوەتەوە کە ئەمریکا هەوڵ دەدات بتوانێت بڕیاری سیاسی و ئابوریی عێراقی بە دەستەوە بێت و دەستێوەردانی ئاشکرای لە کاروباری ئەم وڵاتەدا هەبێت بەڵام «خەونی ئەمریکییەکان بەوەی کە سەربازەکانیان لە ئاسوودەییدا بن و بنکە سەربازییەکانیان ئاسایشی پارێزراو بێت، تەنیا خەیاڵە و هیچ کات بەدی ناکرێت.»
خۆڕاگری عێراق ئاماژەی بەوە داوە کە بەرگریکردن لە نیشتمان مافێکە کە لە هەموو یاساکاندا ئاماژەی پێ دراوە، و ئەرکێکی ئایینی و ئەخلاقی و نیشتمانییە و خۆڕاگری عێراق دوای ئەم ماوەیە، ئەو هێزە خۆ بەزلزانە ناچار دەکات بە ڕیسوایی عێراق بەجێبهێڵێت؛ چونکە لە مەڵبەندی شەهیدان و پیرۆزییەکاندا، هیچ شوێنی داگیرکەر نابێتەوە.
چاودێران دەڵێن کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق بە رواڵەتە و هێزەکانی ئەو وڵاتە لە عێراق ناکشێنەوە؛ بابەتێک کە گروپە خۆڕاگرییەکانی عێراقی هۆشداریان داوەتەوە کە لە ئەگەری مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا، ڕوبەڕوی ئەو هێزانە دەبنەوە و ئەم بابەتەش بە پێشێلکردنی سەروەری عێراق دەزانن.
بەپێی ئەو بەیاننامەی کە دوای چوارەمین خولی دانوستانەکانی ستراتیژی نێوان بەغدا و واشنتۆن بڵاو کراوەتەوە، عێراق و ئەمریکا لە ٢٧ی تەموزی ٢٠٢١دا ڕێکەوتن کە تەواوی هێزە شەڕکەرەکانی ئەمریکا تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢١ لە عێراق بکشێنەوە.
لێدوانەکان