عەسائیب: تا مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق خۆڕاگری بەردەوام دەبێت
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی بزوتنەوەی عەسائیب ئەهلی حەقی عێراق ڕایگەیاند: خۆڕاگری تا مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق بەردەوام دەبێت.
هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ ئەحمەد عەبدولحوسێن ڕۆژی پێنجشەممە لە چاوپێکەوتنی لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی ئەلمەعلومە گوتی: واشنتۆن هەوڵدەدات هێزە سەربازییەکانی بە بیانووی مەشق و راهێنان و ڕاوێژکاری لە عێراق بهێڵێتەوە.
عەبدولحوسێن ووتی: ئیدارەی بایدن هەوڵی مانەوەی درێژخایەن و پتەوکردنی پێگەکانی لە عێراق دەدات و هیچ پەیامێکی دڵنیاکەرەوە لەلایەن ئەمریکاوە بۆ کشانەوەی هێزەکانی لە عێراق نیە.
ناوبراو ووتیشی: ئەمریکا ڕۆڵێکی مەترسیدار لە عێراق دەگێڕێت تا زۆرترین ژمارەی هێزە سەربازییەکانی لەژێر ناونیشانی مەشق و ڕاهێنان و ڕاوێژکردن لەم وڵاتە بمێننەوە.
عەبدولحوسێن ئاماژەی بە هێزەکانی ئەمریکا وەک داگیرکەر کرد و جەختیشی کردەوە: تا ئەو کاتەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق بمێننەوە، خۆڕاگریش بەردەوام دەبێت.
لێدوانەکەی عەبدولحوسێن ئەندامی مەکتەبی سیاسی بزوتنەوەی عەسائیب ئەهلی حەق دوای ئەوە دێت کە یەحیا ڕەسوڵ گوتەبێژی هێزە چەکدارەکانی عێراق ڕۆژی شەممە ووتی: هیچ هێزێکی شەڕکەری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی یان ناتۆ لە بنکەی عەین ئەسەد نەماوە جگە لە ڕاوێژکاران کە بۆ پاڵپشتی لۆجستی و هاوکاری سوپای عێراق لەو بنکەیە ماونەتەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە لە چەند هەفتەی رابردوودا جەنەراڵ کێنت ماککێنزی فەرماندەی هێزەکانی ناوەندیی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشیەتد پرێس، بەبێ ئاماژەدان بە ماوەی مانەوەی هێزەکانی وڵاتەکەی لە عێراق ووتی: ٢٥٠٠ سەربازی ئەمریکی لەگەڵ گۆڕینی ئەرکەکەیان بۆ ڕاوێژکاری بۆ ماوەیەکی پێشبینی کراو لە عێراق دەمێننەوە.
لێدوانەکان