ئابی ئەحمەد شکستی بە تیگرای هێنا!

هه‌ینی 24 كانونی یه‌كه‌م 2021 - 12:56
https://kurdish.iswnews.com/?p=5101

دوابەدوای پێشڕەوییەکانی هێزەکانی ئەتیۆپیای فیدراڵ لە باشوری ڕۆژهەڵاتی ویلایەتی ئەمهارا و کشانەوەی تەواوی هێزەکانی تیگرای بۆ ناو ویلایەتی تیگرای، هەموو ناوچەکانی ویلایەتی ئەمهارا لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە کۆنترۆل کرانەوە.

هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ لە چەند هەفتەی ڕابردوودا لەو کاتەی هێزەکانی تیگرای لە پایتەختی ئەتیۆپیا نزیک بوونەوە و ئەگەری کەوتنی شاری ئەدیس ئابابا زۆر بوو، هێزەکانی ئەتیۆپیای فیدراڵ به سەرۆکایەتی ئابی ئەحمەد لە ١ تا ٧ی کانوونی یەکەم توانیان لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا کۆنترۆڵی زۆربەی ئەو شوێنانەدا لە باشوری ڕۆژهەڵاتی ویلایەتی ئەمهارا بکەن کە لەلایەن هێزەکانی تیگرای (TDF) و ئۆرۆمۆ (OLA) دەستی بەسەردا گیرا بوو.

سەرەڕای هێرشە دژبەرەکانی هێزەکانی تیگرای، دواتر ئەوە هێزە فیدراڵییەکانی ئەتیۆپیا بوون کە توانیان جارێکی تر باڵادەستی خۆیان لە مەیدانەکە بسەپێنن و هەموو شوێنەکانی ویلایەتی ئەمهارا لە ماوەی ١٥ ڕۆژ و لە ٧ی کانوونی یەکەم تا ٢١ی کانوونی یەکەم لە هێزەکانی تیگرای پاک بکەنەوە. جێگای سەرنجە کە بەشێکی بەرچاو لەو پێشڕەوییانە دوای کشانەوەی هێزەکانی تیگرای لە ویلایەتی ئەمهارا ڕوویداوە.

دێبرێشن جبرمایکل، سەرۆکی هەرێمی تیگرای و بەرەی ئازادی تیگرای (TPLF) لە چەند ڕۆژی رابردوو نامەیەکی بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان نارد و ڕایگەیاند، کە فەرمانی بە هەموو هێزەکانی کردووە بۆ سنوورەکانی تیگرای بکشێنەوە. دێبرێشن جبرمایکل لە نامەکەیدا بۆ ئەنتۆنیۆ گۆترش سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، سەرزەنشتی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کە نەیانتوانیوە ژیانی هاوڵاتیان بپارێزن، و یەکێک لە هۆکارە سەرەکیەکانی بڕیارەکەی «فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی زلهێزە بیانیەکان» ناو برد و داوای ئاگربەست و دەستپێکردنی دانوستانەکانی ئاشتی کردەوە. ناوبراو ڕایگەیاند کە تیگراییەکان نیشانیان دا کە کەس ناتوانێت بە زۆر حوکمیان لێ بکات و بەرخۆدان و خۆڕاگری خۆیان سەلماندووە. بە ووتەی جبرمایکل بە درێژایی جەنگدا چەندین دەرفەت بۆ ئاشتی هەبوو بەڵام لایەنی بەرامبەر بەکاری نەهێنا و هیواخوازە کە لەو دەرفەتەی کە ئێستا بۆ ئاشتی بەدەست هاتووە بۆ گەیشتن بە ئاشتییەکی هەمیشەیی بەکار بهێنرێت.

لێدوانەکانی دێبرێشن جبرمایکل لە کاتێکدا دێت کە ئابی ئەحمەد سەرۆک وەزیرانی ئەتیۆپیا بە سەرکەوتنی تەواو بەسەر تیگرای و کۆتایی جەنگ لە ئەمهارا، پێگەی خۆی وەک کەسایەتییەکی سەرکەوتوو وەرگرتووە و پێناچێت داواکارییەکانی پێشووی تیگراییەکان قبوڵ بکرێت. لە ئێستادا کە هێزەکانی تیگرای گەڕاونەتەوە بۆ ویلایەتی خۆیان، هەواڵی ئەوە هەیە کە هێزەکانی سوپای ئەریتیان لەسەر سنوورەکانی باکوور سوپا و کەلوپەلی سەربازی کۆ دەکەنەوە و ئەگەری پێکدادانێکی دیکە لەسەر سنووری باکوور هەیە. کەواتە بچووکترین ناکۆکی دەتوانێت شەڕێکی درێژ خایەنی تر بۆ ویلایەتی تیگرا بێت.

خاڵێکی گرنگ کە لە شەڕی ئەم دواییەی ئەتیۆپیا جێی سەرنجە، بەکار هێنانی کاریگەری فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانە. شەڕی ئەم دواییە لە ئەتیۆپیا بە ڕوونی دەریخست کە بەکارهێنانی کاریگەر لە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی جەنگی دەتوانێت بە تەواوی ئەنجامی شەڕەکان بگۆڕێت. ئەمەش یەکلاییکەرەوە دەبێت بۆ ئەو وڵاتانەی هێزی ئاسمانی لاوازتریان هەیە. وەک لە هەواڵەکانی پێشوودا ئاماژەمان پێدا؛ ئابی ئەحمەد فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی لە وڵاتانی وەک تورکیا و ئیمارات و ئێران کڕیبوو و بە درێژایی مانگی رابردوودا، بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی کڕدراو گەیشتە لوتکە و ئەم بابەتە بەشێوەیەکی بەرچاو بووە هۆی شکستی هێزەکانی تیگرای و پاشەکشەی ئەوان لەو ناوچانە.

پاشەکشەی بەرفراوانی هێزەکانی تیگرای لە باشوری ڕۆژهەڵاتی ئەمهارا + نەخشە

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *