کوژرانی سێ هاوڵاتی سڤیل لە ئۆپەراسیۆنی هێزەکانی ئەمریکا
لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنێکی هێزەکانی ئەمریکا لە گوندی ئەبریهە لە دەوروبەری ڕۆژهەڵاتی دێرەزور، سێ هاوڵاتی کوژران.
هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ لە کاتی هێرشی هێزەکانی هاوپەیمانان و قەسەدە بۆ سەر خانوویەک لە گوندی ئەبریهە لە دەوروبەری ڕۆژهەڵاتی دێرەزور لە سوریا، باوکێک و دوو منداڵەکەی بە تەقەی ڕاستەوخۆی هەلیکۆپتەری ئەمریکا کوژران.
هاوکات لەگەڵ ئەم ئۆپەراسیۆنە، هێزەکانی ئەمریکا لە ئۆپەراسیۆنێکی هێلیبۆرن لە شارۆچکەی ئەلبەسیرەی ڕۆژهەڵاتی دێرەزور، حەوت گەنجیان بە بێ هیچ هۆکارێک دەستگیرکرد. لەم دواییەدا پنتاگۆن لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی هاوپەیمانی ئەمریکا لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات (قەسەدە) لە شارۆچکەی ئەلبەسیرە بۆ گەڕان بەدوای ئەندامانی داعش هەواڵی دابوویەوە.
ئەم ئۆپەراسیۆنانە لە دوای هێرشێکی داعش بۆ سەر بنکەی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە پارێزگای دێرەزور ئەنجام دران. لەم هەفتانەی دواییدا هێزەکانی قەسەدە بە هاوکاریی هێزەکانی ئەمریکا چەندین ئۆپەراسیۆنیان لە ناوچە جیاجیاکانی پارێزگای دێرەزور ئەنجامداوە و ژمارەیەک هاوڵاتییان دەستگیرکردووە کە تا ئێستا چارەنووسیان نەزانراوە.
بەیانی ئەمڕۆ خۆپیشاندانی جەماوەری لە شاری ئەلبەسیرە وەک ناڕەزایەتی بە ئۆپەراسیۆنەکانی هێزەکانی سوریای دیموکرات و ئەمریکا و کوژرانی هاوڵاتیانی مەدەنی بەڕێوەچوو. دانیشتوانی ئەلبەسیرە بە سووتاندنی تایە ڕێگاکانیان داخست.
لێدوانەکان