مەشقی سەربازی لە ئەلتەنف و کۆنکۆ؛ هیچ هێرشێک لەئارادا نییە!
بە پێچەوانەی ڕاگەیاندنی هەندێک لە دەزگاکانی ڕاگەیاندنەوە هیچ هێرشێک بۆ سەر بنکەی سەربازی ئەمریکا لە ناوچەی ئەلتەنف و دامەزراوە گازییەکانی کۆنکۆ ئەنجام نەدرا و ئەو دەنگانەی بیستراوە پەیوەندی بە ڕاهێنانی سەربازیەوە هەبووە.
هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە، سەرچاوە خۆجێییەکان هەواڵی بیستنی چەندین تەقینەوەیان لە ناو بنکەیەکی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەی ئەلتەنف لە سنووری سوریا و عێراق ڕاگەیاند. سەرچاوەی مەیدانی “هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام” هەواڵی هێرشکردنە سەر بنکەی ئەلتەنفی ڕەتکردەوە و رایگەیاند تەقینەوەکە پەیوەندی بە ڕاهێنانی سەربازی ئەو هێزانەوە هەیە کە لەو بنکەیە دان.
شایانی باسە کە ئەم ڕاهێنانە مانگێک دوای ئەوە ئەنجام دراوە کە ڕیچارد بێڵ فەرماندەی بەریتانی گروپی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان سەردانی ناوچەی ئەلتەنف -ی کرد و لەگەڵ سەرکردەی چەکدارانی “مغاویر الثوره” کۆبووەوە و لەم چەند ڕۆژەی دواییدا هێزەکانی بەریتانیا بۆ ئەو بنکەیە گوازراونەتەوە.
هەروەها ئێوارەی دوێنێ چەند دەزگایەکی راگەیاندنی نێودەوڵەتی بڵاویانکردەوە کە سێ مووشەک لە بنکەیەکی سەربازیی ئەمریکا لە دامەزراوەی گازی کۆنکۆ لە پارێزگای دێرەزووری سوریا کەوتووە، ئەمە لەکاتێکدایە کە دەنگی تەقینەوەکان پەیوەندی بە ڕاهێنانی شەوانە و تۆپخانەیی ئەو هێزانەوە بووە کە لەو بنکەیەدا جێگیرن.
لێدوانەکان