دوایین هەواڵەکان لە پێکدادانەکانی نایجیریا، ٣ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢١
هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ سوپای نایجیریا هێرشێکی قورسی چەکدارانی داعشی لە شارۆچکەی “بۆنی یادی” لە ویلایەتی یوبەـی تێکشکاند.
بەگوێرەی سەرچاوە خۆجێییەکان، چەکدارانی داعش بە جلی سەربازی سوپای نایجیریا، ١٥ هاوڵاتی ئەو وڵاتەیان لە گوندی گامسوری ویلایەتی بۆرنۆ ڕفاندووە و ڕێگەیان بە دوو کەسی دیکە داوە هەڵبێن.
هەندێک لە قوربانیان، فەرمانبەری ڕێکخراوە ناحکومییە نێودەوڵەتییەکانن.
فڕاندنەکە لە دوای هێرشێکی چەکدارانی گروپی تیرۆریستی داعش بۆ سەر ناوچەی دێمبۆی سەر بە ویلایەتی بۆرنۆ ئەنجام درا.
لە شارۆچکەی بۆنی یادی، سوپای نایجیریاش توانی هێرشێکی قورسی داعش تێکبشکێنێت. شارۆچکەی بۆنی یادی دەکەوێتە ٤٩ کیلۆمەتریی شاری داماتورو ناوەندی ویلایەتی یوبە و چەندین بنکەی مەشق و ڕاهێنانی سەربازی هەیە.
بەپێی زانیارییەکان چەکدارانی داعش دوای بینینی فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای نایجیریا لە ئاسمانی ناوچەکە چەندین ئۆتۆمبێلی هەڵگری چەک و تەقەمەنی سەربازیان بەجێهێشتووە کە لەم دواییانە لە بنکەی سوپای ئەو وڵاتەوە تاڵانکرا بوون. داعش لە کاتی هێرشەکانی ئەم دواییانەی بۆ سەر بنکەکانی سوپای نایجیریا لە “بۆنی یادی” دەستی بەسەر ئەم چەکانە دا گرت بوو. جێی ئاماژەیە جارێکی تر ئۆتۆمبێلەکان کەوتوونەتە دەست هێزەکانی سوپاوە.
لێدوانەکان