ڕێکەوتنی نوێی ئەلیڤ و پاشینیان بە نێوەندگیری پۆتین
هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ ڕۆژی هەینی کۆبوونەوەی سێ لایەنانەی سەرۆکانی روسیا و کۆماری ئازەربایجان و ئەرمینیا لە سۆچی ڕوسیا بەڕێوەچوو و لایەنەکان دوای دانوستانەکان لەسەر کەمکردنەوەی گرژییەکان و چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان ڕێکەوتن.
کۆبوونەوە سێ قۆڵیەکە لە کاتێکدایە کە هەفتەی ڕابردوو پێکدادانی خوێناوی لە نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا لە سنووری هەردوو وڵات ڕوویدا و بە هۆیەوە زیانی گیانی گەیشتە هێزە سەربازییەکانی هەر دوو وڵات.
ئەوەی لە ئەنجامی کۆبوونەوەکە و لێدوانی لایەنەکان دیارە، کردنەوەی ڕێگاکانی هاتووچۆ و دیاریکردنی سنوورەکان، دوو بابەتی سەرەکی بوون کە لە کۆبوونەوەکەدا بەجدی بەدواداچوونیان لەسەر کراوە و لەسەری ڕێککەوتوون.
لە گفتوگۆکانی سۆچیدا هەردوولا هاوڕابوون لەسەر دامەزراندنی لیژنەیەکی دوولایەنە لەسەر دیاریکردنی سنوورەکانی هەردوو وڵات و هەروەها چارەسەرکردنی بەربەستەکانی بەردەم کردنەوەی ڕاڕەوەکان بەهاوکاری ڕوسیا. تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکە هەروەها ڕێککەوتن بووە لەسەر کۆتایی هێنان بە تەواوی ناکۆکییەکانی نێوان هەر دوو لایەن و ڕێگرتن لە دروستبوونەوەی شەڕێکی تر لە قەرەباغ.
هەر سێ سەرۆکایەتیەکەی ڕوسیا و کۆماری ئازەربایجان و ئەرمینیا ئەنجامی کۆبوونەوەکەیان بە ئیجابی هەڵسەنگاندووە و گەشبینی خۆیان بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکەی نێوان هەر دوولا دەربڕیووە.
ئەمە لەکاتێکدایە کە هێشتا هیچ زانیاریەکی ورد دەربارەی چۆنیەتی جێبەجێ کردنی ڕێکەوتنەکە رانەگەینراوە و وردەکارییەکانی جێبەجێکردنیشی نادیارن.
بارودۆخی ناگۆرنو-قەرەباغ، کە کۆنترۆلی بەشێکی زۆری لە دوای شەڕی ساڵی ڕابردوو تا ئێستا لە ژێر دەسەڵاتی ئەرمەنیەکاندایە و ئیلهام ئەلیڤ ئەو ناوچانەی بەشێکی خاکی ئازەربایجان دەزانێت و دان بە مافی خۆبەڕێوەبەری ئەرمەنییەکان دانانێت؛ ڕاڕەوی تایبەتی زەنگزور و هەوڵەکانی ئەلیڤ بۆ بەدەستهێنانی و ئەگەری داگیرکردنی خاکی ئەرمینیا و هەروەها دیارنەبوونی چارەنووسی ناوچە داگیرکراوەکان لە خاکی هەر دوو وڵات وەک ئارتوساشن و بەشەکانی قزاق بەشێک لەو کێشە گرنگانەن کە داهاتووی ڕێککەوتنەکە دەخاتە مەترسییەوە.
لێدوانەکان