کێبڕکێی لە خولگەی زەویدا؛ شەڕی ساڵانی داهاتوو
١٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢١ ڕووسەکان موشەکێکی دژە مانگی دەستکردیان لە دژی کەشتی ئاسمانی سۆڤیەتی پێشوو بە ناوی Tselina-D تاقیکردەوە کە لە ساڵی ١٩٨٢ەوە نێردراوەتە بۆشایی ئاسمان و بە تەقاندنی، توانای تەقاندنەوەی مانگی دەستکرد لە خولگەی نزمی زەوی و شوێنکەوتنی مووشەکی بالستیک لە مەودای نزیکدا، پیشان دا.
ڕوسیا چوارەمین وڵاتە کە چەکێک بەکاردێنێت کە توانای لەناوبردنی کەشتی ئاسمانی و مانگی دەستکردی هەیە لە بۆشایی زەویدا.
یەکەم جار چەکی دژە مانگی دەستکرد لەلایەن چینەوە بە سەرکەوتوویی تاقیکرایەوە. لە ١١ی کانوونی دووەمی ٢٠٠٧ چین بە تاقیکردنەوەی چەکی دژە مانگی دەستکردی خۆی، مانگی دەستکردنی کەش و هەوای FY-1C Fengyun لە خولگەیەکی جەمسەری بە بەرزی ٨٦٥ کیلۆمەتر بە مووشەکی دژە مانگی دەستکردەوە بە شێوەی راستەوخۆ کردە ئامانج. ئەم مووشەکە لە هاوێژەرێکی گەڕۆکەوە لە ناوەندی “شیچانگ” ئاراستە کرا و مانگێکی دەستکردنی بە سەرکەوتوویی تێکشکاند و لە ئەنجامی دا، زیاتر لە ٢ هەزار پارچەی زیادە کەوتنە ناو بۆشایی ئاسمانەوە و سیستەمە پشکنینەکان بەلایەنی کەمەوە ٢٣١٧ پاشەڕۆی بۆشاییان تۆمار کردەوە.
بەپێی هەندێک ڕاپۆرت، تاقیکردنەوە سەرکەوتووەکەی چین، سێیەم تاقیکردنە لە زنجیرەیەک هەوڵی چینی بۆ لەباربردنی مانگێکی دەستکرد بووە.
دوای چەند هەوڵێکی شکستخواردوو، هێزی دەریایی ئەمریکا هەروەها بۆ یەکەم جار لە ٢١ی شوباتی ٢٠٠٨ بە سەرکەوتوویی چەکی دژە مانگی دەستکردی تاقی کردەوە. مووشەکی پێوانەیی-٣ لە کەشتی جۆری Ticonderoga Lake Erie هەڵگری سیستەمی دژە مووشەکی AEGIS هاوێژرایەوە و لە مانگی دەستکردی USA-193 لە بەرزی ٢٤٧ کیلۆمەتر درا. ئۆپەراسیۆنەکە لە ژێر فەرماندەیی راستەوخۆی وەزیری بەرگری ئەوکاتی ئەمریکا ڕۆبێرت گەیتس ئەنجام درا.
لە ٢٧ی ئازاری ٢٠١٩، سوپای هیندستان لە تاقیکردنەوەیەکدا مانگێکی دەستکردی لە خولگەی نزمی زەوی بە بەرزی 300 کیلۆمەتر تێکشکاند. لە ئەنجامی تاقیکردنەوەکەدا، نزیکەی ٤٠٠ پارچە پاشەڕۆ لە بۆشایی خولگەکەدا ماونەتەوە. سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی هیندستان ئەم هەنگاوەی بە دەستکەوتێکی بەرچاو لە بەرنامەی بۆشایی نیشتمانی ئەو وڵاتە ناو برد و گوتی تێکشکاندنی مانگەکە کەمتر لە سێ خولەک دوای هاوێشتنی مووشەکەکە ئەنجام درا. سەرچاوەکانی نزیک لە حکومەتی ئەمریکا ڕایانگەیاند کە هیندستان لە ١٢ی شوباتی ٢٠١٩ یەکەم تاقیکردنەوەی چەکی ئەنجام داوە، بەڵام سەرکەوتوو نەبووە.
ڕووسیا لە ١٥ی تشرینی دووەمی ئەمساڵدا کەشتی ئاسمانییەکەی Tselina-D تێکشکاند، ئەمەش کاردانەوەی توندی ڕۆژئاوایی بە دوای خۆیدا هێنا. ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا سەرکۆنەی تاقیکردنەوەی مووشەکێکی رووسی کرد و بە “ترسناک و نابەرپرس” ناوی برد. بلینکن هەروەها ووتی رووسیا بەشێوەیەکی نابەرپرسانە مووشەکێکی تاقیکردووەتەوە بۆ لەنێوبردنی مانگێکی دەستکردی خۆی، کە بووەتە هۆی ئەوەی هەزار و ٥٠٠ پارچەی داروپەردوو بەنێو خولگەی زەویدا بڵاوبکاتەوە، کە لە داهاتوودا دەبێتە هۆی دروستکردنی سەتان هەزار پارچەی بچووکی دیکە لە خولگەی زەویدا. سەرۆکی ناسا بیل نیلسۆن و سکرتێری گشتی ناتۆ جێنس ستۆلتەنبێرگ لە لێدوانەکانیدا مۆسکۆیان بەهێرشێکی موشەکی مەترسیدار و نابەرپرس تۆمەتبارکرد.
ئەم تاقیکردنەوە سەرکەوتووە نەک تەنیا ئەوەی دەرخست کە ڕوسیا ئێستا چەکی دژە مانگی دەستکردی خۆی هەیە بەڵکو پەیامێکی گرنگ بوو بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکان کە کەشتی ئاسمانی Tselina-D کە تێکشکا و کێشی نزیکەی ١٧٠٠ کیلۆگرام دەبوو، لە ڕووی کێش و قەبارە، هاوشێوەی مانگە دەستکردەکانی Block III ـە کە بۆ هێشتنەوەی سیستەمی جیهانی (جی پی ئێس) بەکاردێت.
هاوکات تاقیکردنەوەکانی ڕوسیاو ئەمریکا و چین و هیندستان هیچ پابەندیەکی نێودەوڵەتیان پێشێل نەکردووە، چونکە هیچ ڕێککەوتنێک نییە بۆ ڕێکخستنی ئەم جۆرە چەکانە لە خولگەی زەویدا.
پێشتر مۆسکۆ و پەکین پێشنیاری داڕشتنی پەیماننامەی قەدەغەکردنی بڵاوبوونەوەی چەک لە بۆشایی ئاسمان و هەڕەشەکردن لە شتە ئاسمانییەکان کردبوو، بەڵام بەهۆی نەبوونی پشتیوانی ڕۆژئاواوە بە تایبەتی ئەمریکا کە هاوکات ڕوسیا و چینیان بە پەرەپێدانی سیستەمی دژە جەنگ تۆمەتبار دەکرد، نەگەیشتە ئەنجام.
لێدوانەکان