بەیاننامەی ئەنجومەنی زانایانی شیعەی ئەفغانستان لەبارەی حکومەتی تاڵیبان

پێنجشەممە 9 ئه‌یلول 2021 - 00:37
https://kurdish.iswnews.com/?p=3945

هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام: ئەنجومەنی زانایانی شیعەی ئەفغانستان بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و ڕەخنەی لەکابینەی ناگشتگیری تاڵیبان گرت و پێکهاتەکەی بە نادادپەروەرانە ناوبرد.

دەقی بەیاننامەکەی ئەنجومەنی زانایان بەم شێوەیە:

«بسم الله الرحمن الرحیم
و اوفوا بالعهد ان العهد کان مسئولا (اسرا، ۳۴)

لەدوای ڕووداوەکانی ئەم دواییەدا؛ زاڵبوونی بزووتنەوەی ئیسلامی تاڵیبان بەسەر وڵاتدا بە پشتبەستن بە بەڵێنەکانی ئەو بزووتنەوەیە بە گەلی ئەفغانستان و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بۆ دامەزراندنی حکومەتێکی گشتگیر لە هەموو پێکهاتەکان، چین و توێژ و شوێنکەوتوانی مەزهەبە ئیسلامییەکانی وڵات و هەروەها دامەزراندنی سیستەمێکی ئیسلامی پەسەندکراو لەلایەن خەڵکەوە، ڕاگەیاندنی ناوی وەزیرەکان (بەوەکالەت) بەبێ ئەوەی کەسانی شیاوی پێکهاتە جیاوازەکانی ئەفغانستان و بەتایبەتی کۆمەڵگەی شیعەی تێدا بێت، دوور بوو لە چاوەڕوانییەکان.
ئەنجومەنی زانایانی شیعەی ئەفغانستان کابینەی ناگشتگیری بزوتنەوەی ئیسلامی تاڵیبان لە بەرژەوەندی و سوودی وڵاتدا نازانێت و بە نادادپەروەرانە لەقەڵەم دەدات کە دەبێتە هۆی دروستبوونی کێشە بۆ کۆمەڵگا و وڵات.
هەر بۆیە ئەنجومەنی زانایانی شیعەی ئەفغانستان ئامۆژگاری بزوتنەوەی ئیسلامی تاڵیبان دەکات بۆ جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی و بەئاراستەی گشتگیرکردنی کابینە، هەنگاوی ئەرێنی و زەمینەی هاوکاری و هەوڵی هاوبەش بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی وڵات بنێت.»

شایانی باسە، ئەم بەیاننامەیە لە کاتێکدا دێت کە لەم دواییانەدا تاڵیبان لە هەنگاوێکی فەرمیدا هەموو ئەندامانی کابینەی حکومەتی نوێ لە کەسانی ژێر فەرمانی خۆی هەڵبژاردەوە و جوڵانەوە سیاسی و جەماوەرییەکانی دیکەی لە بەشداری لە حکومەت بێبەش کرد.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *