دوایین هەواڵەکان لە میحوەری پەنجشیری ئەفغانستان، ٦ی ئەیلولی ٢٠٢١
هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام: پارێزگای پەنجشیر بە تەواوی لەلایەن تاڵیبانەوە کۆنترۆل کرا.
دوای چەندین ڕۆژ شەڕ و پێکدادانی قورس لەنێوان چەکدارانی تاڵیبان و هێزەکانی ئەحمەد مەسعود لە پارێزگای پەنجشیر، کۆنترۆلی شارۆچکەکانی پەنجشیر و شارۆچکەکانی دێ سەلاح، پۆل حسار و ئەندراب لە پارێزگای بەغلان کەوتە دەست تاڵیبانەوە.
لە ئێستادا هێزەکانی ئەحمەد مەسعود پەنایان بۆ چیا و کوێستانەکانی پەنجشیر بردووە و لە چارەنووس و شوێنی ئەحمەد مەسعود هیچ هەواڵێک لەبەر دەستدا نیە.
لە شەڕی قورسی ڕۆژی رابردوو کە لە دەوروبەری روخێ و خنج ڕوویدا، ژمارەیەک لە فەرماندە مەیدانییەکانی ئەحمەد مەسعود کوژران و هێڵە بەرگریکارەکانی ئەو هێزانە لە پەنجشیر هەڵوەشایەوە. دوای هەڵوەشانەوەکە، چەکدارانی تاڵیبان توانیان لە شارۆچکەی روخێ بۆ ناو شاری بازارک-ی ناوەندی پەنجشیر پێشڕەوی بکەن.
دەوترێت “فەهیم دەشتی”، وتەبێژی هێزەکانی ئەحمەد مەسعود (خوشکەزای عەبدوڵڵا عەبدوڵڵا) و جەنەراڵ “عەبدئەلوەدود زێرێ”، ڕاوێژکاری ئەحمەد مەسعود (خوشکەزای ئەحمەد شا مەسعود) لە ئەنجامی هێڕشی فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی نەناسراوەوە کوژراون. هەروەها لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئەمروڵا ساڵح بۆ تاجیکستان هەڵاتووە و هیچ زانیارییەک لەبارەی شوێنی ئەحمەد مەسعودیش لەبەر دەستدا نیە.
ئەحمەد مەسعود لە دوایین لێدوانەکەیدا پێشوازی لە پێشنیارەکەی ئەنجومەنی زانایانی ئەفغانستان بۆ ڕاگرتنی شەڕ و پێکدادان لە پەنجشیر و گفتوگۆ لەگەڵ تاڵیبان کرد بوو و داوای لە تاڵیبان کرد بوو لە پەنجشیر بکشێنەوە. بەڵام لەبەر کۆتایی هاتنی مۆڵەتی چەکدارانی تاڵیبان بۆ ئەحمەد مەسعود، ئەو چەکدارانە هێرشەکانیان تا کۆنترۆل کردنی تەواوی پەنجشیر رانەگرت.
لێدوانەکان