ئەنجومەنی زانایانی شیعەی ئەفغانستان داوای سیستەمێکی ئیسلامی لەو وڵاتە دەکات

هه‌ینی 27 ئاب 2021 - 00:28
https://kurdish.iswnews.com/?p=3597

هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام: ئەنجومەنی زانایانی شیعەی ئەفغانستان لە گردبوونەوەی چەند ڕۆژی ڕابردووی خۆیان داوای پێکهێنانی حکومەتێکی گشتگیر لەسەر بنەمای ئیسلامیان کرد.

گردبوونەوەی ئەنجومەنی زانایانی شیعەی ئەفغانستان چەند ڕۆژی رابردوو لە حەوزەی خاتم ئەلنەبیین لە شاری کابول بەڕێوەچوو.
پۆختەی بەیاننامەکەی زانایانی شیعەی ئەفغانستان لەم کۆبوونەوەیەدا کە لەلایەن سەید حوسێن علمی بەلخی خوێندرایەوە وەک خوارەوەیە:

«بۆ تێپەڕبوون لەم قەیرانەدا، دەبێت حکومەتێکی نوێ بە زووترین کاتدا پێکبهێنرێت.
پێکهێنانی حکومەتێکی گشتگیر بە رێککەوتن لەگەڵ لایەنە جیاوازەکان لە لایەک دەبێتە هۆی چارەسەرکردنی کێشەکانی وڵات و لەلایەکی دیکەشەوە ئامادەبوونی نوخبەکان لە تەواوی نەتەوەکان لە پێکهێنانی حکومەت، زەمینەسازی بۆ ئاوەدانی و خزمەتگوزاری باشتر بۆ خەڵک دەستەبەر دەکات.
ئەنجومەنی زانایانی شیعەی ئەفغانستان لە ئەگەری جێبەجێ کردنی داوا یاساییەکان ئامادەیی هەیە بۆ پێکهێنانی حکومەت هاوکاری بزووتنەوەی تاڵیبان بکات.
پێویستە بزوتنەوەی تاڵیبان بە پێی فەرموودەکانی پێغەمبەر (ص) بۆ پاراستنی گیان و ماڵ و سامان و کەرامەتی هاوڵاتیان هەوڵی هەمەلایەنە بدات.
لەم دۆخەی ئێستادا کە خەڵک بەدەست هەژارییەوە دەناڵێنن، پێویستە حکومەتی نوێ لە دابینکردن و زەمینەسازی بۆ هەلی کار هەوڵ بدات و ئەو نەهامەتیەی ئێستا کەمبکاتەوە.
ئێمە پێشوازی لە ڕاگەیاندنی لێبوردی گشتی لەلایەن تاڵیبانەوە دەکەین، بەڵام هەندێک کاری خراپ لەلایەن کەسانی نابەرپرسەوە ئەنجام دراوە و دەبێت ئەوانەی بەرپرسن لە بزوتنەوەی تاڵیبان بە جدی مامەڵەیان لەگەڵ بکەن بۆ ئەوەی متمانەی جەماوەری بەدەست بهێنین.
دوای پێکهێنانی حکومەت دەبێت هەوڵ بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن بدرێت بۆ ئەوەی هەموو هاوڵاتیان مافی هەڵبژاردنیان هەبێت و بەبێ جیاوازی هەڵبژێردرێن.
بنیاتنانەوەی ئەو ناوچانەی لەکاتی جەنگدا وێرانکراون و گەشەی ئابووری و جێبەجێکردنی پرۆژەکانی گەشەپێدان و ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و نەهێشتنی کشت و فرۆشتنی ماددە هۆشبەرەکان دەبێت لە ئەولەویەتەکانی حکومەت بێت.
نابێت هیچ یاسایەکی دژی بیروباوەڕی خەڵک هەبێت، هەروەها ڕێز لەمافەکانی مرۆڤ و پەیمانە نێودەوڵەتییەکان بگیرێت تا ئەو ڕادەیەی کە ناکۆک نەبێت لەگەڵ بەها ئایینییەکاندا.
ئازادی ئایین و مەزهەبەکان، ڕەچاوکردنی مەزهەبەکان لە پێکهێنانی ئەنجومەنی باڵای دادوەریدا، دامەزراندنی دادگای تایبەت بە فیقهی جەعفەری، پاراستنی مافی ژنان و منداڵان بە پێی شەریعەت، دابینکردنی پەروەردە و خوێندن بۆ منداڵانی وڵات، داواکارییەکی دیکەی ئەنجومەنی زانایانی شیعەی ئەفغانستانە.
داوا لە هاوڵاتیان دەکەین کە لە کۆچی نایاسایی و هەروەها گردبونەوەکان لە دەوروبەری فڕۆکەخانەی کابول دووربکەونەوە و بۆ بنیاتنانی داهاتوویەکی باش لە وڵات بمێننەوە.»

موحەممەد ئەکبەری جێگری دووەمی ئەنجومەنی زانایانی شیعەی ئەفغانستان هەروەها جەختی لە پێکهێنانی سیستەمێکی ئیسلامی گشتگیر بە بەشداری هەموو نەتەوە لە شیعە و سوننەوە کرد.

ئەنجومەنی زانایانی شیعەی ئەفغانستان ئەنجومەنێکە لەساڵی ٢٠٠٣ بە دەستپێشخەری و هەوڵەکانی “ئایەتوڵا موحەمەد ئاسف موحسینی” و چەندین زانای دیکەی ئەفغانی لە کابول دامەزراوە و لە ئێستادا زیاتر لە ٦٥ نوێنەرایەتی و هەروەها زیاتر لە ٢ هەزار زانای ئایینی وەک ئەندامی هەیە.
ئەنجومەنەکە لەبوارە جۆراوجۆرەکانی ڕۆشنبیری، حەوزەوی، توێژینەوەی زانستی، نزیککردنەوەی مەزهەبە ئیسلامییەکان و ژنانی حەوزەوی لە ناوچە بێبەشکراوەکان و ئەنجومەنی ئاشتی و چارەسەری ناکۆکیەکان دا چالاکی هەیە.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *