گواستنەوەی یەکەم گروپ لە چەکدارانی درعا بۆ باکوری سوریا

چوارشەممە 25 ئاب 2021 - 18:42
https://kurdish.iswnews.com/?p=3551

هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام: یەکەم گروپ لە هێزە چەکدارەکانی درعا ئەلبەلەد پاش چەند هەفتە لە پێکدادانەکانیان لەگەڵ سوپای سوریا لە ناوچە جیاجیاکانی پارێزگای درعا لە باشوری سووریا، بە نێوەندگیری ڕوسیا کشانەوە بۆ ناوچەکانی باکوری سووریا.

لەگەڵ ئەو ڕێککەوتنەی کە لە باشوری پارێزگای درعا کراوە، پۆلیسی سەربازی ڕوسیا چوونە ناو گەڕەکی درعا ئەلبەلەد لە شاری درعا و بەشی یەکەمی هێزە چەکدارەکانی درعا بە سەرپەرشتی پۆلیسی سەربازی ڕوسیا بۆ شارۆچکەی ئەلباب-ی باکوری حەلەب گواسترانەوە. بەپێی ڕێکەوتنەکە ئەوانەی بیانەوێت دەتوانن درعای بەجێبهێڵن و ئەوانەی دەیانەوێت بمێننەوە دەبێت چەکەکانیان ڕادەستی سوپای سوریا بکەن.

سەرەڕای بڵاوبونەوەی هێزەکانی پۆلیسی سەربازی ڕوسیا و ڕێککەوتنەکەی سوپای سوریا لەگەڵ هێزە چەکدارەکان، چاوەڕوان دەکرا پێکدادانەکان ڕابگیرێت، بەڵام پێکدادانەکانی دوێنێ کە زیانی مادیی بەدوای خۆیدا هێنا، کاریگەری لەسەر پرۆسەی گواستنەوەی هێزە چەکدارەکان لە شاری درعا دروست کرد. دوای پێکدادانەکان، سوپای سوریا بۆ دەربازبوونی هاوڵاتیانی مەدەنی لە ناوچە داگیرکراوەکان بۆ ناوچانەکانی ژێر کۆنترۆڵی حکومەتی سوریا، بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک دەروازەی سەرایای کردەوە و ناوەندێکی کاتی بۆ نیشتەجێبوونی ئەو هاوڵاتیانە دابینکرد.

لەگەڵ ئەوەشدا، لە سەرلەبەیانی ئەمڕۆوە جارێکی تر پرۆسەی دەرکردنی هێزە چەکدارەکان لە شاری درعا دەستیپێکردووەوە و هێزە ئەمنییەکانی سوریا بە ئامادەکردنی لیستێکی ١٠٠ کەسی لەو چەکدارانە کە لە ڕووداوەکانی ئەمنی و تاوانەکانی پارێزگای درعا دا تێوەگلاون، داوای دەرکردنیان لە درعا کردووە.

دوێنێ کاروانێکی سوپای سوریا بە چەند ئۆتۆمبێلێکی زرێپۆش و تانک و کەلوپەلی لۆجستی گەیشتە شاری درعا. هەروەها ژمارەیەک لە هێزەکانی سوپای سوریا لە ناوچەکانی ڕۆژئاوای درعا جێگیر کراون. لەگەڵ پێشێلکردنی ئاگربەست لەلایەن هێزە چەکدارەکانەوە و بەردەوامی ململانە ناوبەناوەکانی سوپای سوریا لەگەڵ هێزە چەکدارەکان، پێناچێت دۆخی ئەمنی پارێزگای درعا لەگەڵ کشانەوەی ژمارەیەک لە هێزە چەکدارەکان لە درعاوە بۆ باکوری سوریا، جێگیر بێت.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *