ڕاپۆرت و شیکردنەوەی دوایین بارودۆخی شەڕی ئەفغانستان؛ ١٤ی ئابی ٢٠٢١

شەممە 14 ئاب 2021 - 09:29
https://kurdish.iswnews.com/?p=3237

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، تاڵیبان توانی کۆنترۆڵی ٦ پارێزگا بە تەواوی و ١٨ ناوەندی پارێزگا بکات، کە ئەمەش دەستی باڵای تاڵیبان لە ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی و سیاسی لە ئەفغانستان نیشان دەدات.

میحوەری باشور:
وەک چاوەڕوان دەکرا ئامانجەکانی تاڵیبان لە باشوری ئەفغانستان، لە ماوەیەکی کورتدا بۆ ئەو چەکدارانە بەدی هاتن و دەتوانین بڵێین لەئێستادا تەواوی باشووری ئەفغانستان لە کۆنترۆڵی تاڵیباندایە.
ئەم ئامانجانە بریتی بوون لە شارۆچکەی چاهاربۆرجەک لە پارێزگای نیمروز، شاری فەراهـ ناوەندی پارێزگای فەراهـ، شاری لەشکەرگاهـ ناوەندی پارێزگای هێلمەند و شاری قەندەهار ناوەندی پارێزگای قەندەهار کە لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا لەلایەن تاڵیبانەوە دەستی بەسەر دا گیراون. شاری قەلات ناوەندی پارێزگای زابول هەروەها بە بێ شەڕ تەسلیمی تاڵیبان بوون و لە ئێستادا تەنها ناوچە حکومیەکانی شارۆچکەی گرشک و بنکەی گرنگی شورابەک لە باکوری پارێزگای هێلمەند لە ژێر کۆنترۆلی سوپای ئەفغانستان ماونەتەوە. بوونی هێزە بیانییەکان لە شورابەک نادیارە و ئەگەری ئەوە هەیە کە هێزە بیانییەکان لەو بنکەیە بوونیان هەبێت.

میحوەری باکووری ڕۆژئاوا:
لەم ناوچەیەدا هەروەها شارەکانی سەرپۆل، قەلعەنو ناوەندی پارێزگای بادغیس، شاری فیروزکووهـ ناوەندی پارێزگای غور و شاری هەرات، کە ڕۆڵی گرنگی لە باکوری ڕۆژئاوای ئەفغانستان هەبوو، لەلایەن تاڵیبانەوە بەتەواوی دەستی بەسەر دا گیراون، و شارۆچکەی غوورماچ لە باکوری پارێزگای بادغیس، شاری مەیمەنە ناوەندی پارێزگای فاریاب و دەروازەی ئاقینە لە باکوری ئەم پارێزگایە تەنها ئەو شوێنانەن کە هێشتا لە ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی حکومەت ماونەتەوە.
شوێنە ئاماژە پێ کراوەکان ڕەنگە وەک ناوچەکانی دیکە بە ئاشتی یان خیانەتی بەرپرسانی ئەو ناوچانە تەسلیمی تاڵیبان بکرێنەوە و لەگەڵ کەوتنیاندا هێزی پشتیوانی زیاتر ڕەوانەی ناوچەکانی ناوەڕاستی ئەفغانستان دەکرن.

میحوەری باکور و باکوری ڕۆژهەڵات:
لە باکوری ڕۆژهەڵات هەروەها، دوای شارەکانی قۆندوز، ئایبەک ناوەندی پارێزگای سەمنگان، شەربرغان ناوەندی پارێزگای جۆزجان، شاری پۆلخەمری لە پارێزگای بەغلان، تالقان ناوەندی پارێزگای تخار و فەیزئاباد ناوەندی پارێزگای بەدەخشان، شاری مەزارشەریف و شارۆچکەکانی پارێزگای سەمنگان-یش کراونەتە ئامانجی هێرشەکانی تاڵیبان.
بە ئامادەبوونی ژەنەراڵ “عەبدولرەشید دۆستم” و “عەتا محەمەد نور” لە مەزارشەریف، هەروەها ڕاگەیاندنی یەکگرتنیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تاڵیبان، ئەگەری ئەوە هەیە لە ڕۆژانی داهاتوودا پێکدادانێکی قورس لە مەزارشەریف ڕوو بدات.

دۆخی چەند ناوچەیەکی باکوری ئەفغانستان وەک فڕۆکەخانەی شاری تالقان، شارۆچکەکانی فەرخار و ورسج لە باشوری پارێزگای تخار نادیارە، و دەوترێت لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی حکومەت و ئەحمەد مەسعود دایە. ئەحمەد مەسعود کوڕی ئەحمەد شا مەسعود بە هاوکاری چەند لایەنێکی بیانی وەک بێرنارد لیڤی کە لە پشت چەندین شەڕی ناوچەیی وەک سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان و شەڕی لیبیا و هتد بووە، هێزێکی زۆریان کۆکردووەتەوە و لەم چەند مانگەی دواییدا جموجۆڵێکی زۆریان کردووە. ئەحمەد مەسعود زۆربەی هێزەکانی لە پەنجشیر جێگیر کردوە و دەووترێت خەریکی کۆکردنەوە و مەشقی هێزە سەربازییەکان بۆ چوونە ناو مەیدانی دەسەڵاتە لە ئەفغانستان.

لەم بارودۆخەی ئێستادا کە زۆربەی نەیارانی تاڵیبان ورەیان لەدەستداوە و سەرکردەکانی وەک ئیسماعیل خان و ژەنەراڵ دۆستم لەلایەن تاڵیبانەوە تووشی شکست بوون، ئەحمەد مەسعود دەتوانێت بە زیندووکردنەوەی یادی باوکی و تەنانەت لابردنی ناوچەکانی باکوور لە ژێر دەستی تاڵیبان، جوڵەیەکی جددی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تاڵیبان بکات. هەلبەتە ئەگەر ئەم بابەتە بێتەدی، ئەفغانستان زیاتر بەرەو گرژی دەڕوات و رێگاکانی چارەسەری ئاشتی لەو وڵاتە سنووردارتر دەبێت.

میحوەری ناوەند:
بەپێی دوایین هەواڵەکانی میحوەری ناوەندی کە رۆژانی ئارامتری بەچاو ناوچەکانی تر هەبووە، شاری ترینکۆت ناوەندی پارێزگای ئەرزگان دوای ٥٠ ڕۆژ بەرگری، لەلایەن تاڵیبانەوە دەستی بەسەر دا گیرا.
“هەزارستان” دەکرێت بە یەکێک لە دوایین هەنگاوەکانی تاڵیبان بۆ زاڵبوون بەسەر ئەفغانستان دا دابنرێت، لەبەر ئەوەی تاڵیبان بەباشی دەزانێت تەنها نەیاری جیددی ئەو چەکدارانە لە ئەفغانستان، “هەزارەکان”ـن. بۆیە بەنیاز نین لەگەڵیان بەریەکبکەون و چەند جاریش جەختیان لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە ڕێز لەمافی نەتەوەو ئایینە جیاوازەکان و بەتایبەتی شیعە دەگرن و لەبەڕێوەبردنی وڵات و پێگەکاندا هاوبەشیان دەکەن.
لە ناو هەزارەکاندا بەپێچەوانەی گروپەکانی تر هیچ کەسایەتییەکی بەهێزی نییە کە بتوانێت کۆدەنگی و یەکهەڵوێستی دروست بکات و دەکرێت ئەم فاکتەرانە بەهۆکاری کەمڕەنگی ڕۆڵی ئەوان لە حکومەتە جیاوازەکاندا دابنرێت.

میحوەری ڕۆژهەڵات:
جموجۆڵەکانی تاڵیبان لەو ناوچانەدا سستە و لوتکەی ئەو جموجوڵانەش لە پارێزگاکانی لۆگەر و غزنی بووە.
شاری گەردیزی ناوەندی پارێزگای پەکتیا و شاری مەیدانشەهر ناوەندی پارێزگای مەیدان وەردەک لە ئامانجە سەرەکییەکانی تاڵیباندان و بە پێی جموجوڵەکانی دوو ڕۆژی ڕابردوو، وا پێدەچێت تاڵیبان هێرشەکانیان بۆ سەر ئەو ناوچانە چڕتر بکاتەوە.

بە گشتی ڕووخانی حکومەتەکەی ئەشرەف غەنی و گەیشتن بۆ کابول هەنگاوی کۆتایی پلانی ئێستای تاڵیبانە. هاتنەدی یەکێک لەو دوو بابەتە سەرەتایەک بۆ چوونە ناو مەیدانی سیاسی ئەفغانستان دەبێت.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *