سەفەری فەرماندەی بارەگای سێنتکۆم بۆ سوریا
هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ فەرماندەی بارەگای ئەمریکا لە ڕۆژئاوای ئاسیا لە میانەی گەشتێکی بۆ پارێزگای حەسەکە ی سوریا، سەردانی چەندین ناوەند و زیندانی کرد کە تیرۆریستانی داعشی تێدا ڕاگیراون.
ژەنەڕاڵ مایکل کوریلا، فەرماندەی بارەگای تیرۆریستی ئەمریکا لە ڕۆژئاوای ئاسیا (سێنتکۆم) ڕۆژی ١١ی ئازار سەردانی چەندین ناوەند و زیندانی لەوانە غوێران لە شاری حەسەکە کرد کە ئەندامانی گروپی تیرۆریستی داعشی تێدا ڕاگیراون.
سێنتکۆم لە بەیاننامەیەکدا لە زاری کوریلاوە ڕایگەیاند؛ «لە سەردانی ئەو ناوەند و زیندانانەدا، درکم بە مەترسییە گەورەکەی زیندانیانی داعش لەو زیندانانەدا کرد. ئەوانەی لە عێراق و سوریا زیندانیکراون، بەڕاستی سوپایەکی داعشی زیندانیکراو پێکدەهێنن کە ئەگەر ئازاد بکرێن، دەبنە هەڕەشەیەکی گەورە بۆ سەر ناوچەکە و زیاتریش.»
فەرماندەی سێنتکۆم هەروەها سەردانی کەمپەکانی ئەلهۆڵ و ڕۆژ (کە بنەماڵەی ئەندامانی داعشی تێدایە)ی کرد و ڕایگەیاند، تاکە چارەسەر بۆ دانیشتوانی کەمپەکان گەڕاندنەوەی ئەو کەسانەیە بۆ وڵاتەکەی خۆیان.
جێی ئاماژەیە نزیکەی ٥٥ هەزار و ٨٢٩ کەس لە کەمپی ئەلهۆڵ هەن کە ٢٨ هەزار و ٧٢٥ کەسیان عێراقی و ١٨ هەزار و ٨٥٠ کەسیان سووری و ٨ هەزار و ٢٥٤ کەسیان بیانین. هەروەها کەمپی ڕوژ ٢ هەزار و ٣١٠ کەسی تێدایە کە هەزار و ٥٨٢ کەسیان منداڵن.
شایانی باسە ئەمە شەشەمین گەشتی فەرماندەی بارەگای تیرۆریستی ئەمریکا لە ڕۆژئاوای ئاسیا (سێنتکۆم)ە بۆ سوریا لە ماوەی ١١ مانگی ڕابردوودا.
لێدوانەکان