باڵیۆزخانەی ئیسرائیل بە دووری ٣٠ کیلۆمەتر لە ئێرانەوە دەکرێتەوە!

دووشەممە 6 ئازار 2023 - 15:14
https://kurdish.iswnews.com/?p=23513

هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ ئێلی کۆهین، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل بەم زووانە باڵوێزخانەی ڕژێمی زایۆنیستی لە شاری عێشقئابادی پایتەختی تورکمانستان دەکاتەوە.

“ئێلی کۆهین” وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند بە مەبەستی کردنەوەی باڵیۆزخانەی هەمیشەیی ئەم ڕژێمە لە شاری عێشقئابادی پایتەختی تورکمانستان بەم زووانە سەردانی ئەم وڵاتە دەکات. ناوبراو لەمبارەیەوە وتی: «پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و تورکمانستان گرنگ و ستراتیجییە، و بەشێکە لەو چالاکییەی کە ئامانجی پتەوکردنی پەیوەندییەکانی ئیسرائیلە لەگەڵ هەموو ناوچەکە. بەردەوام دەبین لە بەهێزکردنی هاوکارییە ئابوورییەکانی نێوان هەردوولا، لەوانەش لە بوارەکانی تەندروستی و بەرگری ئەلیکترۆنی (سایبەری).»

ناوبراو لە درێژەی لێدوانەکانیدا، کردنەوەی باڵیۆزخانەی هەمیشەیی لە تورکمانستانی بە نیشانەیەکی دیکەی بەهێزبوونی پەیوەندییە ستراتیژییەکانی سی ساڵەی نێوان ئیسرائیل و تورکمانستان زانی.

رژێمی زایۆنیستی بۆ ئەم مەبەستە، شێمی تێزور، یەکێک لە بەرهەمدارترین دیپلۆماتکارەکانی هەڵبژاردووە. تێزور، لە ساڵی ١٩٤٦ لە فەلەستینی داگیرکراو لەدایک بووە و بنەماڵەکەی جولەکەی پارێزگای تەورێز لە باکووری ڕۆژئاوای ئێران بوون. ناوبراو لە ساڵانی ڕابردوودا وەک باڵیۆزی ئیسرائیل لە تورکیا و فەرەنسا کاری کردووە.

جێی ئاماژەیە، شێمی تێزور پێشتر بەرپرسی بەشی ئۆراسیا لە وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل بووە و لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە ١٥ جار سەفەری تورکمانستانی کردووە و وەک نێردراوێکی دیاریکراوی ڕژێمی زایۆنیستی لە تورکمانستان ڕۆڵی گێڕاوە.

عێشقئابادی پایتەختی تورکمانستان بە دووری ٣٠ کیلۆمەتر لە سنووری ئێرانەوە هەڵکەوتووە. بەهۆی نزیکیی لە ئێران و هەبوونی  ١٠٠٠ کیلۆمەتر سنووری هاوبەش، لەم دواییانەدا ئەم وڵاتە بووەتە جێی سەرنجی سیاسەتی دەرەوەی ئیسرائیل. کردنەوەی باڵیۆزخانەی هەمیشەیی ئیسرائیل لە تورکمانستان، جگە لە زیادکردنی قووڵایی نفوز و کاریگەری ڕژێمی زایۆنیستی لە ناوچەکانی باکوری ئێران، بە مانای دروستکردنی بنکەیەک لەدژی ئێران بە مەبەستی دروستکردنی کێشەی جۆراوجۆری ئەمنی و ئابووری دادەنرێت.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *