ژمارەی قوربانیانی دەستدرێژی بۆ سەر یەمەن ١٣ هەزار کەسی تێپەڕاند
هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام: ڕێکخراوی مافی ژنان و منداڵان «انتصاف» رایگەیاند، تا کۆتایی مانگی شوباتی ٢٠٢٣، ژمارەی منداڵان و ژنانی یەمەنی کە لە هێرشەکانی ئەمریکا و سعوودیە بوونەتە قوربانی ١٣ هەزار و ٤٨٢ کوژراو و برینداری تێپەڕاندووە.
ئەم ڕێکخراوە لە ڕاپۆرتێکدا سەبارەت بە هێرشەکانی هاوپەیمانی سعودیە بۆ سەر منداڵان و ژنانی یەمەنی لە ماوەی ٢ هەزار و ٩٠٠ ڕۆژدا ڕایگەیاند کە ژمارەی قوربانیانی ئەم هێرشانە لەنێوان ژنان و منداڵان گەیشتووەتە ٦ هەزار و ٣٢٨ کەس کە لەو ژمارەیە ٢ هەزار و ٤٤٠ کەسیان ژنن و ٣ هەزار و ٨٨٨ کەسیان منداڵن.
هاوکات ژمارەی بریندارانی ژن و منداڵ گەیشتووەتە ٧ هەزار و ١٥٤ کەس، لەو ژمارەیەش ٢ هەزار و ٨٦٦ کەسیان ژنن و چوار هەزار و ٢٨٨ کەسیش منداڵن.
ئەم ڕاپۆرتە ئاماژە بەوە دەکات کە زیاتر لە ٨ ملیۆن ژن و کچ لەم ساڵدا لە یەمەن بۆ ڕزگارکردنی ژیانیان پێویستیان بە هاوکارییە.
ژمارەی ئاوارەکانی یەمەن گەیشتووەتە ٥ ملیۆن و ١٥٩ هەزار و ٥٦٠ کەس کە لە ٧٤٠ هەزار و ١٢٢ بنەماڵە پێکدێن کە نیوەیان ژن و منداڵن.
ئەم ڕاپۆرتە ئاماژە بەوە دەکات کە لە نەبوونی شوێنی حەوانەوەیەکی دروستدا و بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزاریە سەرەتاییەکان سەلامەتی ژنان و کچانی ئاوارە لە ژێر مەترسیدایە.
لە ڕووی پەروەردەوە ئەم ڕاپۆرتە ئاماژە بەوە دەکات کە لە کۆی ١٠.٦ ملیۆن منداڵی یەمەنی کە تەمەنی خوێندنیان (٦ بۆ ١٧ ساڵ)ە، لانیکەم ٢ ملیۆن و ٤٠٠ هەزار منداڵ وازیان لە خوێندن هێناوە و ڕەنگە ژمارەی ئەو منداڵانە بگاتە ٦ ملیۆن و هاوکات ٨ ملیۆن و ١٠٠ هەزار منداڵ لە سەرانسەری یەمەن پێویستیان بە هاوکاریی پەروەردەیی بەپەلە هەیە.
لێدوانەکان