پۆلیسی ئیسرائیل: پلانی تیرۆرکردنی وەزیری ئاسایشی ناوخۆمان پووچەڵکردەوە!
هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ پۆلیسی ڕژیمی زایۆنیستی پووچەڵکردەوەی پلانی تیرۆری وەزیری ئاسایشی ناوخۆی ئەم ڕژیمەی ڕاگەیاند.
میدیا ئیسرائیلیەکان بڵاویانکردەوە، پۆلیسی ئیسرائیل هاوڵاتییەکی قودسی ڕۆژهەڵاتی دەستگیرکردووە کە دانی بەوەدا ناوە کە بە نیازی تیرۆرکردنی ئیتمار بن گێڤیر وەزیری ئاسایشی ناوخۆی ڕژێمی ئیسرائیل بووە.
پۆلیسی زایۆنیستی بانگەشەی ئەوەی کردووە کە ئەم کەسە بەنیاز بووە دوای دزینی تابلۆی ئۆتۆمبێلی پۆلیس، لە وەزیری ئاسایشی ناوخۆ نزیک بێتەوە و دواتر بیکوژێت. هەروەها ناوبراو لەگەڵ گرووپێکی تیرۆریستی کۆبووەوە و بۆ جێبەجێکردنی ئەم پلانە پارەی وەرگرتووە.
لە بەیاننامەیەکدا کە نوسینگەی بن گێڤیر بڵاویکردۆتەوە، ئاماژە بەوە کراوە کە تۆمەتبار بەنیاز بووە ئەم ئۆپەراسیۆنە ئەنجام بدات و جگە لەوەش بەنیازی دزینی تەرمی کەسێکیش بووە. تا ئێستا وردەکاری زیاتر لەو بارەیەوە بڵاونەکراوەتەوە.
هەر لەم بارەیەوە وەزیری ئاسایشی ناوخۆی ئیسرائیل ڕایگەیاند: “من سوپاسی هێزە ئەمنی و ئەفسەرانەی پۆلیس دەکەم کە من و ژیانم دەپارێزن. هەوڵەکان بۆ زیانگەیاندن بە من، نامترسێنێت و لە هەوڵەکانم بۆ هەنگاونان بەرەو سیاسەتێکی ئەمنی ڕاستڕەو، دژی تیرۆر و گەڕاندنەوەی ئاسایش و حوکمڕانی بۆ سەر شەقامەکان بەردەوام دەبم”.
شایانی باسە لە ساڵی ڕابردووش دەزگای هەواڵگریی ناوخۆی ڕژێمی زایۆنیستی (شاباک) بانگەشەی ئەوەی کردبوو کە تیمێکی سەر بە حەماس لە قودسی داگیرکراو دەستبەسەر کردووە کە بەنیازی تیرۆرکردنی ئیتامار بن گێڤیر بووە.
لێدوانەکان