شکستی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆکردنەوەی ٤.٣ ملیار دۆلار هاوکاری بۆ یەمەن؛ تەنها یەک ١.٢ ملیار کۆکرایەوە
هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی ٢٠٢٢دا لانیکەم ٤.٢٧ ملیار دۆلاری بۆ یەمەن داوای کردبوو، کە دواجار ئاماری هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان گەیشتە ٢.٢ ملیار دۆلار.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی ڕۆیتەرز، ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاندووە کە لە کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی یارمەتییە مرۆییەکان، وڵاتانی بەخشەر بەڵێنیان داوە نزیکەی یەک ملیار و ٢٠٠ ملیۆن دۆلار هاوکاری داراییان بە یەمەن بدەن کە ئەمەش زۆر کەمترە لەو ٤.٣ ملیار دۆلارەی کە ئەم ڕێکخراوە داوای کردووە.
نووسینگەی هەماهەنگی کاروباری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان جەختی لەوە کردەوە کە دۆخی یەمەن هێشتا یەکێکە لە گەورەترین کارەساتە مرۆییەکانی جیهان و نزیکەی دوو لەسەر سێی دانیشتوانی ئەو وڵاتە (٢١ ملیۆن کەس) پێویستیان بە یارمەتی هەیە. بەپێی هەڵسەنگاندنەکانی ئەم دامەزراوەیە، پێداویستییەکانی نزیکەی ١٧ ملیۆن کەس زۆر جددی و هەستیارە.
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە وتارەکەیدا لە کۆنفرانسی نێودەوڵەتی هاوکاری بۆ یەمەن وتی: «یەمەن پێویستی بە هاوکاری ئێمەیە، بەڵام لەوەش گرنگتر گەلی یەمەن شایەنی چارەسەری سیاسییە بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕ و ئاوەدانکردنەوەی ژیانی گەل و ژێرخانی وڵات.»
مارتن گریفیتس، ڕێکخەری یارمەتییە بەپەلەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆنفرانسی ڕۆژی دووشەممەدا ڕایگەیاند، ٣١ وڵات بەڵێنی هاوکارییان داوە کە کۆی گشتی هاوکارییەکان نزیکەی یەک ملیار و ٢٠٠ ملیۆن دۆلارە. ناوبراو هیوای خواست کە نەتەوە یەکگرتووەکان لەمساڵدا بتوانێت هاوکاری زیاتر کۆبکاتەوە.
لە ساڵانی ڕابردوودا نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ یارمەتییە مرۆییەکان لە یەمەن ڕووبەڕووی کورتهێنانی بودجە بوویەوە. ئەم دامەزراوەیە لە ساڵی ٢٠٢٢دا بەلایەنی کەمەوە داوای ٤.٢٧ ملیار دۆلاری کردبوو و دواجار ئاماری هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان گەیشتە ٢.٢ ملیار دۆلار. هەربۆیە نیگەرانی ئەوە هەیە کە ئەمساڵیش تەنها نیوەی ژمارەی داواکراوی ئەم دامەزراوەیە دابین بکرێت.
بە گوتەی شارەزایان، سستبوونی ڕێژەی گەشەی ئابووری زۆرێک لە وڵاتان و بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەڵاوسان وایکردووە زۆربەی وڵاتانی جیهان هاوکارییە دەرەکییەکانیان سنووردار بکەن.
لێدوانەکان