وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەچێتە ئاسیای ناوەڕاست
هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ لە بەیاننامەیەکدا وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کۆبوونەوەی ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەم وڵاتەی لەگەڵ بەرپرسانی وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ڕاگەیاند.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند کە ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە ٢٨ی شوبات بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی گروپی C5+1 (ئاسیای ناوەڕاست + ئەمریکا) و بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست سەردانی شاری ئاستانە، پایتەختی کازاخستان دەکات.
لەم بەیاننامەیەدا وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کردووە کە بلینکن جەخت لە پابەندبوونی ئەمریکا بە سەربەخۆیی و سەروەری و یەکپارچەیی خاکی ئەم وڵاتانە و هاوکاریی نزیک لەگەڵیان دەکاتەوە لە پێناو چارەسەرکردنی ئاستەنگە جیهانییە هاوبەشەکان.
بەپێی ئەم بەیاننامەیە، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە پەراوێزی ئەم کۆبوونەوەیەدا بە جیا لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی قرغیزستان و تاجیکستان و تورکمانستان کۆدەبێتەوە و هاوکارییە دوو قۆڵییەکان تاوتوێ دەکات.
ناوبراو دوای ئەم کۆبوونەوانە دەچێتە تاشکەند ی پایتەختی ئۆزبەکستان بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و هاوکارییە ناوچەکییەکان و دواتر گەشت بۆ نیودەلهی پایتەختی هیندستان بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی گروپی ٢٠ لە ١ی ئازار دەکات.
جێی ئاماژەیە، ئەمریکا بە مەبەستی دوورخستنەوەی وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست لە زلهێزەکانی ناوچەی ئاسیای ناوەڕاست واتە ڕووسیا و چین و ئێران بە ئامانجی بەهێزکردن و پەرەپێدانی هاوکاری ئابووری، پەرەپێدانی هاوکارییەکانی کەرتی وزە، ژینگەیی و هاوکارییەکانی ئەمنی-هەواڵگری لە نێوان ئەمریکا و وڵاتانی ئەندامی دیکە، گروپێکی ناسراو بە C5+1 پێکهێنا. ئەم گرووپە ئەمریکا و پێنج وڵاتی کازاخستان، قرغیزستان، تاجیکستان، تورکمانستان و ئۆزبەکستان لەخۆدەگرێت و یەکەمین کۆبوونەوەی لە ١ی تشرینی دووەمی ٢٠١٥ لە پارێزگای سەمەرقەند لە ئۆزبەکستان بەڕێوەچوو.
لێدوانەکان