وەزارەتی بەرگری ڕووسیا وەڵامی ڕەخنەی چێشتلێنەرەکەی پوتینی دایەوە!

پێنجشەممە 23 شوبات 2023 - 21:18
https://kurdish.iswnews.com/?p=23203

هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ دوابەدوای ڕەخنەی ئاشکرای یەڤگنی پریگۆژین، سەرۆکی کۆمپانیای سەربازی تایبەتی ڕووسی ناسراو بە واگنەر، وەزارەتی بەرگری ڕووسیا بەیاننامەیەکی سەبارەت بە دابیننەکردنی چەک بۆ ئەم گرووپە بڵاوکردەوە.

یەڤگنی پریگۆژین، سەرۆکی کۆمپانیای سەربازی تایبەتی ڕووسیا ناسراو بە واگنەر، ڕۆژی سێشەممە ٢١ی شوبات لە پەیامێکی دەنگیدا، سەرۆکی ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ڕووسیا و وەزارەتی بەرگریی بە دابیننەکردنی چەک بۆ ئەم گرووپە تۆمەتبار کرد و بە خیانەتێکی گەورەی زانی.

ناوبراو لەم پەیامە دەنگییەدا وتی: «سەرۆک ئەرکانی هاوبەشی سوپا (ڤالێری گێراسیمۆڤ) و وەزیری بەرگری (سێرگی شۆیگو) بەردەوام فەرمان دەدەن کە تەقەمەنی نەگەیەنرێتە واگنەر و هیچ هاوکارییەک بۆ گواستنەوە ئاسمانییەکانی نەکرێت.»

پریگۆژین هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە بەرپرسانی باڵای ڕووسیا بەهۆی دوژمنایەتی شەخسی لەگەڵیدا تەنانەت ڕەتیانکردووەتەوە کە شۆفڵی تایبەتی بۆ هەڵکەندنی خەندەق دابین بکەن. ڕەفتارەکانیان بە جۆرێکە کە دەیانەوێت مرۆڤەکان بمرن!

ئەم لێدوانانەی پریگۆژین کاردانەوەی بەرپرسە سەربازییەکانی ڕووسیای لێکەوتەوە و وەزارەتی بەرگری ئەم وڵاتەش لە بەیاننامەیەکدا بەبێ ئاماژەدان بە لێدوانەکانی سەرۆک واگنەر ڕایگەیاند کە بانگەشەی کەمی تەقەمەنی لە یەکە هێرشبەرەکاندا ڕاست نییە، و دەسەڵاتدارانی سوپا ئەوەی پێویست بێت بۆ یارمەتیدانی هێزەکان دەکەن. وەزارەتی بەرگری ڕووسیا لەم بەیاننامەیەدا جەختی لەوە کردەوە کە هەوڵدان بۆ دروستکردنی ناکۆکی لە چوارچێوەی هاوکاریی نێوان یەکە سەربازییەکانی ڕووسیادا سوودی بۆ دوژمن دەبێت.

لە درێژەی ئەم ناکۆکییەدا، پریگۆژین بە بڵاوکردنەوەی دوو وێنە کاردانەوەی بەرامبەر بە ئیدیعای وەزارەتی بەرگری ڕووسیا نیشان دا کە یەکێکیان پەیوەندی بە تەرمی هێزەکانی واگنەرەوە هەیە کە لە ڕۆژێکی شەڕدا کوژراون و وێنەکەی دیکەش نامەیەکی داواکاری پشتگیری لۆجستیکە کە ئاراستەی ڤالێری جیراسیمۆڤ، سەرۆک ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی ڕووسیا کراوە. ناوبراو لە ڕوونکردنەوەی ئەم وێنانەدا نووسیویەتی: ئێستا دەبێت بە دەستی درێژەوە بڕۆن و بۆ وەرگرتنی تەقەمەنی لە یەکەکانی سوپا بپارینەوە.

ئەم ناکۆکییە لەکاتێکدایە کە هێزەکانی کۆمپانیای سەربازی تایبەتی واگنەر ڕۆڵی سەرەکییان لە شەڕەکانی ئەم دواییەی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا بینیوە و لە پێشڕەویکردن لە بەرەی سۆڵدار و باخموت سەرکەوتوو بوون. هێشتا دیار نییە مەبەستی پریگۆژین لە ڕاگەیاندنی ئەم ڕەخنانە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان چییە، بەڵام ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕووسیا لە قسەکانی ئەم دواییەیدا داوای چارەسەرکردنی ناکۆکییە ناوخۆییەکانی کردبووەوە.
دوابەدوای فەرمانی پوتین، پریگۆژین بەیانی ٢٣ی شوبات دەستپێکردنی گواستنەوەی تەقەمەنی بۆ هێزەکانی واگنەر پشتڕاستکردەوە.

کۆمپانیای سەربازی تایبەتی ڕووسی کە بە واگنەر ناسراوە، ڕێکخراوێکی نیمچە سەربازییە و ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە سوپای ڕووسیا هەیە. ئەم هێزانە بەشدارییان لە ململانێ جۆراوجۆرەکاندا، لەوانە ململانێکانی ناوچەی کریمە و ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا لە ساڵی ٢٠١٤، شەڕی سوریا، شەڕی ناوخۆی لیبیا، مالی و هتد کردووە، و ڕاهێنانی سەربازی و چالاکیی ڕاوێژکاری و تەنانەت فرۆشتنی چەک لە چەندین وڵاتی ئەنجام داوە. سەرۆکی ئەم ڕێکخراوە یەڤگنی پریگۆژین، یەکێکە لە سەرمایەدار و بازرگانە گەورەکانی ڕووسیا، کە میدیاکان بە چێشتلێنەری پوتینیش ناوی دەبەن.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *