لەبەرامبەر هێرشەکەی نابلوس؛ هێرشی موشەکی خۆڕاگری فەلەستین بۆ سەر ناوچە داگیرکراوەکان/ ئیسرائیل وەڵامی دایەوە
هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ گرووپەکانی خۆڕاگری فەلەستین بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە وەک کاردانەوە بە شەهید و برینداربوونی دەیان فەلەستینی لە هێرشەکەی ڕۆژی رابردووی رژێمی زایۆنیستی بۆ سەر نابلوس، چەندین مووشەکیان ئاراستەی سدیرۆت و عەسقەلان کردەوە.
لە کاردانەوە بە هێرشی دوێنێی سوپای ڕژێمی زایۆنیستی بۆ سەر نابلوس کە بووە هۆی شەهید بوونی ١٠ فەلەستینی و برینداربوونی ١٠٢ی دیکە، گرووپە خۆڕاگرییەکانی فەلەستین بەرەبەیانی ئەمڕۆ چەندین مووشەکیان ئاراستەی ناوچە داگیرکراوەکانی دەوروبەری کەرتی غەززە، لەوانە سدیرۆت و عەسقەلان کرد.
چەند خولەکێک دوای ئەم هێرشە، سوپای ڕژێمی ئیسرائیل بە پشتڕاستکردنەوەی هێرشەکە لە کەرتی غەززەوە، تێکشکاندنی پێنج موشەکی لە لایەن سیستەمی بەرگری قوبەی ئاسنینەوە ڕاگەیاند. بەگوێرەی ڕاگەیاندنی سوپای ئیسرائیل، مووشەکێکی دیکەش بەر ناوچەیەکی کراوەدا کەوتووە.
دوای ئەم هێرشە، ئەمیر بۆخبوت، پەیامنێری کەناڵی والای ئیسرائیلی، ڕایگەیاند کە گروپە فەلەستینییەکان لە غەززە توانیان هاوکێشەیەکی نوێ دیاری بکەن، چونکە هەر ڕووداو و هەنگاوێکی نائاسایی لە کەرتی ڕۆژئاوا ڕووبەڕووی هێرشی موشەکی لە کەرتی غەززەوە دەبێت، و سوپا ناچار بە وەڵامدانەوە دەبێت.
دوای نزیکەی دوو کاتژمێر لە هێرشی مووشەکی فەلەستینیەکان و لە کاردانەوە بەو هێرشانە، فڕۆکە جەنگییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی هێرشیان کردە سەر بنکەی بەدر لە ڕۆژئاوای شاری غەززە و بنکەیەکی دیکە لە ئۆردوگای ئەلبریج لە ناوەندی کەرتی غەززە.
شایانی باسە، لە ١٣ شوباتیشدا، سوپای ڕژێمی زایۆنیستی لە کاردانەوە بە هێرشی مووشەکیی هێزە فەلەستینیەکان بۆ سەر زایۆنیستەکان لە شارۆچەکەی ناحل عوز، هێرشی کردە سەر چەند ناوچەیەکی کەرتی غەززە.
هەر لەمبارەیەوە:
لێدوانەکان