زەڵمای خەلیلزاد: ئەلقاعیدە لەگەڵ هێزەکانی قودسی سوپای پاسداران ڕێککەوتووە!

چوارشەممە 22 شوبات 2023 - 11:35
https://kurdish.iswnews.com/?p=23136

هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ زەڵمای خەلیلزاد، نوێنەری پێشووی ئەمریکا لە ئەفغانستان، بانگەشەی ئەوەی کردووە کە سەرکردەکانی ئەلقاعیدە و هێزەکانی قودسی سوپای پاسداران لەسەر هاوکاری هاوبەش لە بەرامبەر وەرگرتنی مافی پەنابەری لە ئێران ڕێککەوتوون.

زەڵمای خەلیلزاد، نوێنەری پێشووی ئەمریکا لە ئەفغانستان و باڵیۆزی پێشووی ئەم وڵاتە لە عێراق، لە کاردانەوە بە هەواڵی گواستنەوەی کەناڵی دژە ئێرانی “ئێران ئینتەرناشناڵ” لە لەندەنەوە بۆ واشنتۆن بەهۆی هەڕەشە ئەمنییەکانەوە، وتی: ئەلقاعیدە لە بەرامبەر وەرگرتنی پەناگە و پشتیوانی ئێران، هێرش دەکاتە سەر نەیارانی ئەم وڵاتە.

خەلیلزاد لە پەیامەکەیدا لە تویتەر نووسیویەتی؛
«سەیف ئەلعەدل، سەرکردەی نوێی ئەلقاعیدە لە ئێران نیشتەجێ بووە. بە ئەگەرێکی زۆرەوە ڕێککەوتنێک لە نێوان سەیف و هێزەکانی قودسی سوپای پاسداران کراوە و ئەلقاعیدەش کارەکانی ڕێژیم لە بە ئامانجگرتنی نەیارەکانی لە بەرامبەر وەرگرتنی پەناگە و پشتیوانی ئێران ئەنجام دەدات. ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی زیاتر لە جاران پشتی بە تیرۆری نەیارانی خۆی لە ناوەوە و دەرەوە بەستووە.»

ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە کە دوای کوژرانی ئەیمەن زەواهیری سەرۆکی گرووپی ئەلقاعیدە لە هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانی ئەمریکا لە کابوڵ، ئەم گرووپە تائێستا سەرکردەیەکی نوێی هەڵنەبژاردووە، بەڵام وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەم دواییانەدا ڕایگەیاند کە سەیف ئەلعەدل وەک سەرکردەی نوێی ئەلقاعیدە هەڵبژێردراوە. بەپێی هەواڵی میدیا ئەمریکییەکان، سەیف ئەلعەدل کەسێکی تەمەن ٦٢ ساڵە و لە ساڵی ٢٠٠٢ەوە لە ئێران نیشتەجێیە و بە پشتیوانی ئەم وڵاتە چالاکییەکانی بەڕێوە دەبات.

زەڵمای خەلیلزاد یەکێکە لەو دیپلۆماتکارە ئەمریکی بە رەچەڵەک ئەفغانی کە لە سەردەمی سەرۆکایەتی جۆرج بوشدا وەک باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق و نوێنەری ئەمریکا لە ئەفغانستان دەستنیشانکرا. ناوبراو لە ساڵی ٢٠١٨ لەلایەن مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە سەردەمی سەرۆکایەتی دۆناڵد ترەمپ وەک نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ ئەفغانستان دەستنیشانکرا و بەرپرسیارێتی دانوستان لەگەڵ تاڵیبان لە ئەستۆ گرت.

خەڵکی ئەفغانستان و میدیاکانی جیهان، خەلیلزاد وەک داڕێژەری سەرەکی ڕێککەوتنی ئەمریکا لەگەڵ تاڵیبان و قەیرانی سیاسی-ئابووری ئەفغانستان دەزانن. جۆن بۆڵتۆن هەروەها لە کتێبی “ژووری ڕووداوەکان”دا سەبارەت بە خەلیلزاد قسەکانی ترەمپ دەهێنێتەوە و دەڵێت: «بیستوومە ئەو کەسێکی فێڵبازە. بێگومان بۆ ئەمەش (دانوستاندن و ڕێککەوتن لەگەڵ تاڵیبان) پێویستمان بە فێڵبازێکە.» لەسەر ئەم بنەمایە لێدوانەکانی سەبارەت بە هاوکاریی نێوان ئەلقاعیدە و هێزەکانی قودسی سوپای پاسداران، لەو بلۆفانەن کە خەلیلزاد بە درێژایی ژیانی لە دژی سوپای پاسداران وتوویەتی.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *