بۆسەی قورسی داعش بۆ سەر سوپای نیجەر ٤٨ کوژراو و برینداری لێکەوتەوە
هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ میدیای “النبأ”ی سەر بە گرووپی تیرۆریستی داعش، وردەکاریی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەم دواییەی ئەندامانی ئەم گرووپەی لە ناوچەی ساحلی ئەفریقا لە ژمارەی نوێی هەفتەنامەی خۆیدا بڵاوکردەوە.
لە یەکێک لەو ئۆپەراسیۆنانەدا، ڕۆژی هەینی ١٠ی شوبات، لە نزیک گوندی ئەنتاگارمی سەر بە ناوچەی تیلابری لە ڕۆژئاوای نیجەر، داعش بۆسەی بۆ هێزەکانی سوپای نیجەر دانا. ئەم هێرشە پێش هێرشی سوپای نیجەر بۆ سەر ناوچە سنوورییەکانی نزیک مالی ئەنجام دراوە و لە ئاکامدا ٢٧ سەربازی سوپای نیجەر کوژراون و ٨ سەربازی دیکە سەرەتا دەستبەسەر و دواتر گوللەباران کراون و ١٣ی دیکەش برینداربوون. ئەندامانی داعش هەروەها لەم ئۆپەراسیۆنەدا حەوت ئۆتۆمبێلی سەر بە هێزەکانی سوپای نیجەریان تێکشکاندووە و هەشت ئۆتۆمبێل و بڕێکی زۆر تەقەمەنییان تاڵان کرد.
سوپای نیجەر هەروەها لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا ئەم ئۆپەراسیۆنەی پشتڕاست و جەختی لەوە کردەوە کە لەم ئۆپەراسیۆنەدا ١٠ سەربازی سوپای نیجەر کوژراون و ١٦ سەربازی دیکە بێسەروشوێن بوون و ١٣ی دیکەش بریندار بوون و سێ ئۆتۆمبێلی سوپاش تێکشکێنراون. داعش هەروەها دانی بەوەدا نا کە لەم پێکدادانانەدا یەک ئەندامی ئەم گرووپە کوژراوە.
ئەم ئۆپەراسیۆنە گەورەترین ئۆپەراسیۆنی داعشە لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا کە لە ناوچەی ساحلی ئەفریقا ئەنجام دراوە. داعش لەم دواییانەدا لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی بورکینافاسۆ و هەروەها ئەندامانی جەماعەتی نوسرەتولئیسلام و موسلمین لە بورکینافاسۆ تێکهەڵچوونیان هەبووە، کە بەگوێرەی سەرچاوە هەواڵییەکانی داعش، بووەتە هۆی کوژرانی ٢٤ ئەندامی جەماعەتی نوسرەتولئیسلام و موسلمین.
جێی ئاماژەیە، هەفتەنامەی “النبأ” لە نوێترین ژمارەی خۆیدا وێنە و ئینفوگرافیکی بۆسەی داعش بۆ سەر سوپای نیجەر لە ١٠ی شوباتدا بڵاوکردووەتەوە.
لێدوانەکان