پەردەلادان لەسەر فەرماندە شەش ملیۆن دۆلارییەکەی ئەلقاعیدە لە یەمەن

شەممە 18 شوبات 2023 - 10:54
https://kurdish.iswnews.com/?p=22961

هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا سەعد بن عاتێف ئەلعەولقی، ئەمیری گرووپی تیرۆریستی ئەلقاعیدە لە پارێزگای شەبوە ی یەمەن، وێڕای بانگەوازی خەڵکی ئەم پارێزگایە بۆ یارمەتیدانی خەڵکی پارێزگای ئەبین، داوای بەرپەرچدانەوەی کردەوەکانی ئیمارات لەم ناوچانە دەکات.

دامەزراوەی “ئەلملاحم”، باڵی ڕاگەیاندنی “ڕێکخراوی ئەلقاعیدە لە نیمچە دورگەی عەرەبی” (باڵی ئەلقاعیدە لە نیمچە دورگەی عەرەبی و یەمەن) گرتەیەکی ڤیدیۆیی ١١ خولەکی “سەعد بن عاتێف ئەلعەولقی” ئەمیری ڕێکخراوی ئەلقاعیدە لە شەبوە بڵاوکردەوە. ئەم گرتە ڤیدیۆییە لە کاتێکدا بڵاوکراوەتەوە کە پرۆگرامی “خەڵات بۆ دادپەروەری” سەر بە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا خەڵاتی شەش ملیۆن دۆلاری بۆ پێدانی زانیاری لەسەر ئەلعەولقی لە ساڵی ٢٠٢٠دا دیاری کردبووەوە.

ئەلعەولقی کە بە دەگمەن لەبەردەم کامێرادا دەردەکەوێت، لەم گرتە ڤیدیۆییەدا بە توندی هێرش دەکاتە سەر ئیمارات و کردەوەکانی ئەم وڵاتە لە باشووری یەمەن، و داوا لە خەڵکی پارێزگاکانی ئەبین و شەبوە دەکات ڕووبەڕووی پلانەکانی ئیمارات ببنەوە کە خەریکە دین و دونیایان لەناو دەبات.

ئەلعەولقی ئیماراتی بە پارێزەری ئەمریکا و جولەکەکان لە ناوچەکە ناوبرد و پلانەکانی لە شەبوە و یەمەن بە دۆڕاو لە دونیا و قیامەتدا زانی.

هەندێک لە میدیا ناوخۆییەکان ئامانجی بڵاوکردنەوەی ئەم ڤیدیۆیەیان لە لایەن ئەلقاعیدە لە یەمەن بە نیشاندانی یەکڕیزی و نەبوونی ناکۆکی لە نێوان فەرماندەکانی ئەم رێکخراوە لە یەمەن بە تایبەت لە پێشهاتەکانی شەبوە و نێوان خالد باترفی و ئەلعەولقی ناو بردووە.

ئەمریکییەکان سەعد ئەلعەولقی ـیان بە یەکێک لە کەسە نزیکەکانی “ئەنوەر ئەلعەولقی”، ئەمیری دیاری ئەلقاعیدە دەزانن، کە لە ساڵی ٢٠١١ لە یەمەن کوژرا. لە ڕوانگەی ئەمریکاوە، سەعد ئەلعەولقی کەسێکی دیاری ئەلقاعیدەیە لە یەمەن، کە سەرەڕای تەمەنی کەمی، کاریگەرییەکی بەرچاوی لەنێو ئەندامانی ئەلقاعیدە لە یەمەن هەیە.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *