پێشهاتەکانی یەمەن، ١٦ی شوباتی ٢٠٢٣
هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ لەگەڵ پەرەسەندنی پێکدادانەکانی هێزەکانی ئەلدرع ئەلوەتەن و ئەنجوومەنی ئینتقالی باشوور لە شاری عەدەن، چەکدارانی حیزبی ئیسلاح لە پێگەکانی پێشوویان لە پەراوێزی شاری شەقرە لە پارێزگای ئەبین جێگیر بوون.
١- عەدەن:
– موختار نوبی، یەکێک لە فەرماندەکانی چەکدارانی باشوور لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ میدیایەکی ئیماراتی ڕایگەیاند، هێزەکانی ئەنجومەنی ئینتقالی باشوور ئەرکی ڕوون و ئامانجێکی دیاریکراویان هەیە، ئەویش ڕزگارکردنی خاکی باشوور، بەرگریکردنە لێی و بەرەنگاربوونەوەی پیلانگێڕییەکانە. ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد کە لە ئێستادا هیچ نیازێکیان بۆ بەشداریکردن لە شەڕەکانی دەرەوەی سنوورەکانی باشوور نییە و شەڕە گەورەکەیان، ڕزگارکردنی حەزەرمەوتە لە ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی حکومەتی دەستلەکارکێشاوەی یەمەن.
– لە ١٤ی شوبات، ئەبوبەکر باعوبەید، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی حکومەتی دەستلەکارکێشاوەی یەمەن: زۆرێک لە کەشتییە بازرگانییەکان ڕێڕەوی خۆیان لە عەدەنەوە بۆ حودەیدە گۆڕیوە. ئەمە جێگەی نیگەرانییە و بازرگانان لەم گۆڕانکارییە ئاگادارکراونەتەوە.
٢- لەحج:
لەئەنجامی پێکدادانەکانی نێوان هێزەکانی ئەلدرع ئەلوەتەن و خێڵە چەکدارەکانی ئەنجوومەنی ئینتقالی باشوور لە جەبەل خەزر لە نێوان ناوچەی قاوە و ڕەس ئەلعارە، ١٥ کەس لە هەردوولا کوژران و بریندار بوون. ئەمە یەکەم پێکدادانی چەکداریی هێزەکانی ئەلدرع ئەلوەتەن ـە لەگەڵ لایەنگرانی ئەنجوومەنی ئینتقالی باشوور لە پارێزگای لەحج.
٣- ئەبین:
دوابەدوای لاوازبوونی پێگەكانی چەکدارانی ئەنجوومەنی ئینتقالی باشوور لە پارێزگای ئەبین، چەکدارانی حیزبی ئیسڵاح پێگەکانی پێشوویان لە ناوچەکانی ئەلعرقوب و قەرن ئەلکەلاسی لە نزبک شاری شەقرە کۆنترۆڵکردەوە. باشوورییەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەر هێرشێکی ئەوان، هێزەکانیان لە شاری زنجبار، ناوەندی پارێزگای ئەبین، خستووەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.
٤- حودەیدە:
– هێزەکانی هاوپەیمانی سعودیە لە ماوەی ٤٨ کاتژمێری ڕابردوودا لەم پارێزگایە ١٤٧ جار ئاگربەستیان پێشێل کردووە.
– لەماوەی ٤٨ کاتژمێری ڕابردوودا فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی هاوپەیمانی سعودیە ٦ جار پێگەکانی ئەنساروڵڵایان لە ئیدارەی حەیس بۆردومانکردووە.
٥- سەعدە:
لە ئەنجامی تۆپباران و هێرشە تۆپخانەییەکانی هاوپەیمانی سعودیە بۆ سەر ئیدارە سنوورییەکانی مەنبە، شەدا، قەتابر و باقم لە ماوەی ١٥ ڕۆژی ڕابردوودا، هەشت هاوڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەست داوە و زیاتر لە ٥٠ کەسیش بریندار بوون کە ١٢ کەسیان کۆچبەری ئەفریقی بوون.
٦- لە ١١ی شوبات، پەرلەمانی تورکیا پڕۆژەیاسای درێژکردنەوەی ئەرکی هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەی لە کەنداوی عەدەن و دەریای عەرەبی بۆ ماوەی ساڵێکی دیکە و تا ١٠ی شوباتی ٢٠٢٤ پەسەند کرد. هێزە چەکدارەکانی تورکیا لە ١٠ی شوباتی ٢٠٠٩ەوە لە کەنداوی عەدەن و دەریای عەرەبی جێگیر کراون.
٧- حکومەتی بەریتانیا بە بیانووی ڕێگریکردن لە بەقاچاخ بردنی چەک و پاڵپشتیکردنی ئاشتی لە یەمەن، جێگیرکردنی هێزی دەریایی سوپای ئەم وڵاتەی لە ئاوەکانی یەمەن ڕاگەیاند. هێزەکانی بەریتانیا لەژێر فەرماندەیی “هێزەکانی ١٥٣” هاوکاری ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپی و عەرەبی دەکەن.
لێدوانەکان