شەڕ و پێکدادانی هۆزەکانی ڕۆژهەڵاتی مارب و چەکدارانی حیزبی ئیسڵاح
هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ دوابەدوای بڵاوەپێکردنی هێز و دانانی خاڵی پشکنینی چەکدارانی حیزبی ئیسڵاح لەسەر ڕێگای ڕۆژهەڵاتی مارب لە یەمەن، هۆزی ئال قەماد لەگەڵ چەکدارانی حیزبی ئیسڵاح رووبەڕووی یەکتر بوونەوە.
لە میانەی شەڕی نێوان چەکدارانی هۆزی ئال قەماد و چەکدارانی حیزبی ئیسڵاح لە نزیک بەنزینخانەی قوماد لە ناوچەی کێری لە ڕۆژهەڵاتی مارب، تانکێک و ئۆتۆمبێلێکی سەربازیی سەر بە چەکدارانی حیزبی ئیسڵاح تێکشکێنران و لانیکەم پێنج کەس کوژران و بریندار بوون. دوای ئەم ململانێیە چەکدارانی حیزبی ئیسڵاح بە موشەک و تۆپخانە هێرشیان کردە سەر ماڵی هۆزەکانی ئال قەماد.
ئەم پێکدادانە دوای ئەوە ڕوویدا کە حیزبی ئیسڵاح سەرباز و کەرەستەی سەربازی قورسی خۆی لەسەر ڕێگای ڕۆژهەڵاتی مارب بەمەبەستی ڕێگریکردن لە هاتنی هێزەکانی ئەلدرع ئەلوەتەن بۆ ناو مارب جێگیر کرد و دەستیان کرد بە دامەزراندنی بازگە و خاڵی پشکنین لە ڕێگاکانی ئەم ناوچانە.
ئەم پێکدادانانە لە ڕۆژی شەممە ١١ی شوبات دەستی پێکرد و بە ڕێککەوتنی ئاشتی پێنج ڕۆژە کۆتایی هات، بەڵام لەگەڵ دەستپێکردنی مانۆڕی سەربازی هۆزەکانی عوبەیدە لە وادی عوبەیدە، لە ڕۆژی رابردوو، ١٤ی شوبات، گرژیی نێوان لایەنەکان جارێکی تر سەریهەڵداوەتەوە. بەپێی ڕاپۆرتی سەرچاوە خۆجێیەکانی شاری مارب، مانۆڕی سەربازی هۆزەکانی ناوچەی وادی عوبەیدە بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی ئەو ناوچانە و دەرکردنی چەکدارانی حیزبی ئیسڵاح لە کێڵگە نەوتییەکانی مارب ـە.
ڕیشەی ئەم گرژییە لە ناکۆکی نێوان بەرپرسانی حکومەتی دەستلەکارکێشاوە و سەرکردەکانی حیزبی ئیسڵاح دایە کە تا ئێستا بووەتە هۆی کشانەوەی هێزەکانی حیزبی ئیسڵاح لە پارێزگای ئەبین و شاری عەتەق. لە ئێستادا حیزبی ئیسڵاح لە هەوڵی پاراستنی پێگەکانی خۆی لە باکووری پارێزگای حەزەرمەوت و شاری مارب ـە و حکومەتی دەستلەکارکێشاوەش بە پشتیوانی سعودیە و ڕۆڵی هێزەکانی باشوور و ئەلدرع ئەلوەتەن هەوڵی کەمکردنەوەی دەسەڵاتی ئەوان دەدەن.
لێدوانەکان