ئەمیری ئەلقاعیدە لە نیمچە دورگەی عەرەبی داوای ڕووخاندنی ئالی سعوودی کرد
هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ خالید باترفی ئەمیری گرووپی تیرۆریستی ئەلقاعیدە لە نیمچە دورگەی عەرەبی داوای لە خەڵکی سعودیە کرد بە شۆڕش لەدژی ئال سعوود، حکومەتی ئەم بنەماڵەیە بڕوخێنن.
لە ڤیدیۆییەکی دۆکیۆمێنتاری ١٨ خولەکیدا، ڕێکخراوێکی میدیایی بە ناوی “شاهید” کە سەر بە ڕێکخراوی “ئەلملاحم”، باڵی ڕاگەیاندنی قاعیدە لە نیمچە دوورگەی عەرەبییە، ئیدانەی کردەوەکانی حکومەتی عەرەبستانی سعوودی، بەتایبەتی کردەوەکانی محەممەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سعوودیە کردووە و لە زاری خالید باترفی ئەمیری ئێستا، و قاسم ڕیمی ئەمیری پێشوو، وێڕای هەڕەشە کردن لە کارەکانی محەممەد بن سەلمان، داوای لە خەڵکی سعوودیە کردووە تا بۆ شۆڕش و ڕووخاندنی بنەماڵەی ئالی سعوود هەوڵ بدەن.
ئەم ڤیدیۆ دۆکیۆمێنتارییە لە ڕوانگەی ڕێکخراوی ئەلقاعیدەوە باس لە فاکتەرەکانی سستی و ئێرتیدادی حاکمەکانی ئالی سعوود و بەتایبەت محەممەد بن سەلمان دەکات و ئاماری سەرنجڕاکێشی کارەکانی ئالی سعوود لە سەردەمی نوێیدا لە شێوەی موشن گرافیک بڵاو کردووەتەوە. لەم ڤیدیۆیەدا قاعیدە ڕەخنە لە ویستی محەممەد بن سەلمان دەگرێت بۆ گۆڕینی خاکی وەحی وەک دوبەی و ئەمەی بە کردەوەی کوفر دەزانێت.
بەشێک لە کارەکانی محەممەد بن سەلمان کە لەم ڤیدیۆیەدا بە هۆکاری کوفر و لادانەکەی باس کراوە، بریتین لە:
١- شەڕ لەگەڵ ئیسلام بەناوی بەرەنگاربوونەوەی توندڕەوی و تیرۆر بە هاوکاری عەلمانییەکان و مونافقین.
٢- یارمەتیدانی دوژمنانی ئیسلام لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا و دەستبەرداربوون لە پرسە سەرەکییەکانی جیهانی ئیسلامی لەوانەش پرسی فەلەستین.
٣- پاڵپشتیکردنی سیاسەتەکانی حکومەتی چین لە پارێزگای شینجیانگ دژ بە موسڵمانانی ئویغور.
٤-پشتیوانی کردنی حکومەتی هیندستان لەدژی موسڵمانانی ئەو وڵاتە.
٥- هاوکاری بێ سنوور لە وڵاتانی ڕۆژئاوا.
٦- حوکم کردن بە جگه لەوەی خوای گەورە بریاری داوە.
٧- عەلمانیەتى شاراوە بە ناوی ئیسلام.
٨- زەمینەسازی بۆ ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل لە ناوچەکەدا.
٩- پاڵپشتیکردنی حکومەتە عەرەبییەکان بە هاوکاری ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی بۆ سەرکوتکردنی گەل و بزووتنەوە ئیسلامیەکان.
١٠- شەڕانگێزی لە ناوچەکە و جێهێشتنی هەزاران قوربانی موسڵمان (نزیکەی ٩ هەزار هاوڵاتی مەدەنی بەهۆی بۆردومانەکانی سعودیە کوژراون).
١١- هەشت ساڵ شکست و پاشەکشە و بێتوانایی لە شەڕی یەمەن.
١٢- دژایەتیکردن لەگەڵ بانگەوازی ئیسلامی بە لەسێدارەدان و زیندانیکردنی زیاتر لە ٥ هەزار زانا و بانگخواز و موجاهیدین و شێخی چاکسازیخوازی خێڵەکان.
١٣- ڕاگرتنی ڕێوڕەسم و هێما ئیسلامییەکان، لەوانە پەخشکردنی بانگدان لە مزگەوتەکان و…
١٤- بانگخوازی بۆ ئیسلامێکی ڕواڵەتی قبوڵکراوی ڕۆژئاوا بەناوی میانڕەوی و دروستکردنی ناوەندێک بۆ ئەو مەبەستە.
١٥- سەرکوتکردنی خەڵک و کپکردنی دەنگی ناڕازی لە ڕێگەی زیندانی و دادگاییکردن لە پشت دەرگا داخراوەکانەوە.
١٦- هەوڵدان بۆ بڵاوکردنەوەی بیری ڕۆژئاوایی و گەندەڵکردنی کۆمەڵگە و بێبەشکردنی کۆمەڵگەی سعودیە لە ناسنامەی ئیسلامی خۆی لە ڕێگەی: ڕۆژئاواییکردنی خوێندن لە قوتابخانەکان و بڵاوکردنەوەی بیری ڕۆژئاوایی لە ڕێگەی ڕاگەیاندنەوە.
١٧- بڵاوکردنەوەی بێ ئەخلاقی و بەد ڕەوشتی بە ئەنجامدانی کۆنسێرت و ئاهەنگ گێڕان.
١٨- دەرکردنی یاسا و ڕێسا بۆ ژنانی گەندەڵ لە کۆمەڵگە.
١٩- پەرەپێدانی گەشتیاری و بانگهێشتکردنی گەندەڵکاران بۆ سعودیە.
٢٠- تەرخانکردنی پارە و تێچووی زۆر بۆ پاڵپشتی دوژمنان و ئیسراف و یاری و پلانی خەیاڵی.
٢١- پاڵپشتی ملیار دۆلاری لە ئەمریکا ( ئاماژ بە لێدانەکانی ترەمپ).
٢٢- گرانبوونی شتومەک و هەژاری کۆمەڵگای سعودیە (لە هەر پێنج کەس یەکێکیان لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین).
٢٣- بێکاری گەنجانی سعودیە.
٢٤- وێرانکردنی ماڵی خەڵک و مزگەوت و دەرکردنی خەڵک لە گوند و گەڕەکەکانیان.
ئەلقاعیدە لە نیمچە دورگەی عەرەبی باڵێکی گرووپی تیرۆریستی ئەلقاعیدەیە کە لە ساڵی ٢٠٠٩ دەستیان بە چالاکییە جیددییەکانی لە یەمەن و عەرەبستانی سعوودی کردووە. دوای دەستلەکارکێشانەوەی عەلی عەبدوڵڵا ساڵح و سەرۆکایەتیی عەبدڕەبو مەنسوور هادی، ئەم گرووپە بە شێوەیەکی ڕێکخراوتر لە یەمەن کاری کرد و هەندێک ناوچەی بە تەواوی کۆنترۆڵ کرد، بەڵام کۆنترۆڵکردنەوەی شارەکانی سەنعا، سەعدە و… لەلایەن ئەنساروڵڵاوە ڕێگری لە پێشڕەوییەکانی ئەم گرووپە کرد و ئەلقاعیدە لە ناوچە دوورەدەستەکانی یەمەن، لەوانە بیابانەکانی ڕۆژهەڵاتی یەمەن و باکوری پارێزگای ئەلبەیزا و چەند شوێنێکی تر جێگیر بوون. سەرکردەکانی ئەم گرووپە پەیوەندییەکی نزیکیان لەگەڵ لایەنە جۆراوجۆرەکانی حکومەتی دەستلەکارکێشاوەی یەمەن هەیە.
لێدوانەکان