سەردانی سەرۆکی ئۆکرانیا بۆ بەریتانیا + وێنەکان

چوارشەممە 8 شوبات 2023 - 19:32
https://kurdish.iswnews.com/?p=22681

هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ ئەمڕۆ چوارشەممە سەرۆکی ئۆکرانیا گەیشتە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا و لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی ئەم وڵاتە کۆبووەوە.

ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا ئەمڕۆ ٨ی شوبات لە میانەی گەشتێکیدا بۆ لەندەنی پایتەختی بەریتانیا، لەگەڵ ڕیشی سۆناک، سەرۆکوەزیرانی ئەم وڵاتە کۆبووەوە.

ناوبراو لە میانەی ئەم گەشتەدا سەردانی سەربازە ئۆکراینیانەی کرد کە لەژێر مەشقی هێزەکانی بەریتانیادان و بڕیارە لە پەرلەمانی بەریتانیا وتارێک پێشکەش بکات.

هاوکات لەگەڵ گەشتەکەی زێلێنسکی بۆ لەندەن، نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لە بەیاننامەیەکدا پلانی فراوانکردنی مەشق و ڕاهێنانی هێزە چەکدارەکانی ئۆکرانیای لە بواری دەریایی و ئاسمانی، لەوانە ڕاهێنانی فڕۆکەوانی جەنگی و هێزی دەریایی، هەروەها خێراکردنی پڕۆسەی دابینکردنی کەرەستەی سەربازی راگەیاند.

بەگوێرەی بەیاننامەکە، ڕیشی سۆناک پشتیوانی بەریتانیا بۆ پلانەکانی زێلێنسکی بۆ بەدیهێنانی ئاشتییەکی دادپەروەرانە و بەردەوام بۆ ئۆکرانیا ڕادەگەیەنێت.

شایانی باسە کە ئەمە یەکەم سەردانی سەرۆکی ئۆکرانیایە بۆ بەریتانیا لە دوای دەستپێکردنی شەڕ لەو وڵاتە. تاکە گەشتەکانی زێلێنسکی بۆ دەرەوەی وڵات دوای دەستپێکردنی شەڕی ڕووسیا و ئۆکرانیا لە ٢٤ی شوباتی ٢٠٢٢ەوە بۆ ئەمریکا و دواتر بۆ پۆڵەندا بوو کە لە کۆتا ڕۆژەکانی ساڵی ڕابردوودا لە ٢١ و ٢٢ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢ ئەنجام درا.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *