ناردنی تانکی ئەڵمانی بۆ ئۆکرانیا؛ هەوڵی ڕۆژئاوا بۆ گۆڕینی دەرئەنجامی شەڕەکە یان درێژکردنەوەی؟

سێشەممە 7 شوبات 2023 - 21:15
https://kurdish.iswnews.com/?p=22623

حکومەتی ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی چەند مانگێک لەمەوبەر بۆ گۆڕینی دەرئەنجامی شەڕە زەمینییەکان لە بەرژەوەندی خۆیدا، داوای ناردنی تانکی پێشکەوتووی ئەمریکی و ئەوروپی بە تایبەتی تانکی “لیۆپارد”ی ئەڵمانی بۆ ئۆکرانیا کردبووەوە. بەڵام ئایا ئەم تاکتیکە دەتوانێت ببێتە هۆی شکستی سوپای ڕووسیا؟

لەماوەی ٣٠٠ ڕۆژی ڕابردوودا ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپا بە ناردنی دەیان پاکێجی هاوکاری سەربازی، دارایی و ئابووری ڕێگریان لە کەوتنی ئۆکرانیا لەبەرامبەر هێرشی قورسی ڕووسیا کردەوە، بەڵام ئەو هاوکارییانە تائێستا هیچ ئەنجامێکی دیاریکراویان بۆ حکومەتی ئۆکرانیا نەبووە و ئەوان هێشتا لە ژێر ئاگری هێرشە قورسەکانی ڕووسیادان. یەکێک لەو چارەسەرانەی کە ژەنەڕاڵە باڵاکانی ئۆکرانیا بۆ گۆڕینی هاوسەنگی شەڕەکە پێشنیاریان کردووە، بەدەستهێنانی لانیکەم ٣٠٠ تانکە.

ئەم پێشنیازە لەم دواییانەدا لەلایەن ئەمریکا و زۆربەی وڵاتانی ئەوروپاوە قبوڵکراوە و ئەمریکییەکان بۆ هاندانی ئەوروپییەکان بۆ ناردنی تانک بۆ ئۆکرانیا ڕایانگەیاندووە کە لە چەند مانگی داهاتوودا ٣١ تانکی ئەبرامز ڕەوانەی ئۆکرانیا دەکەن. ئۆلاف شوڵتز، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا، دوای ئەوەی بۆ ماوەیەک خۆی لە ناردنی چەکی پێشکەوتووی ئەڵمانی بۆ ئۆکرانیا بەدوور دەگرت، دواجار لە ٢٥ی کانونی دووەم، وێڕای رەزامەندی بۆ دەرکردنی مۆڵەتی ناردنی تانکی لیۆپارد لە وڵاتانی دیکەوە بۆ ئۆکرانیا ڕاگەیاند کە ئەم وڵاتەش لە قۆناغی یەکەم ١٤ تانکی لیۆپارد رەوانەی ئۆکرانیا دەکات.

ئەم بڕیارەی ئەڵمانیا ڕێگەی بۆ وڵاتانی دیکە لەوانە پۆڵەندا، کەنەدا، نەرویج و .. خۆشکرد و دابینکردنی تانکی لیۆپارد بۆ ئۆکرانیا بە ناردنی چوار تانکی لیۆپارد-٢ لە فڕۆکەخانەی هالیفاکس ی کەنەدا لە ٥ی شوبات دەستیپێکردوە.

ناردنی تانکی لیۆپارد لەلایەن سوپای کەنەدا بۆ ئۆکرانیا

لەمبارەیەوە بەریتانیا هەروەها گواستنەوەی ١٤ تانکی چالنجەر ٢ (تانکی سەرەکی سوپاکەی)ی بۆ ئۆکرانیا ڕاگەیاندووە و وڵاتانی دیکەی ئەوروپاش ئامادەکاریی هاوشێوەیان ڕاگەیاندووە.

تانکی لیۆپارد-٢ یەکێکە لەو چەکە کاریگەرانەی کە لە ئەڵمانیا دروستکراوە و لە ساڵانی ڕابردوودا ٣ هەزار لەو تانکە بە وڵاتانی نەمسا، کەنەدا، شیلی، دانیمارک، فینلاند، یۆنان، هۆڵەندا، نەرویج، پۆڵەندا، پورتوگال، سەنگافورە، سویسرا، سوید، ئیسپانیا و تورکیا فرۆشراوە. بۆیە کەرەستە و تەقەمەنیەکانی لەبەردەستی ئۆکراینییەکاندایە و بژاردەیەکی گونجاوترە لە تانکی ئەبرامز کە ژمارەیەکی کەمتری لە ئەوروپا هەیە.

شرۆڤەکارانی ڕۆژئاوا پێیان وایە ناردنی ٣٠٠ تانک بۆ ئۆکرانیا لەم دۆخەی ئێستادا مومکین نییە و ناتوانێت دەرئەنجامی شەڕەکە بگۆڕێت، بەڵام ڕەنگە کاریگەرییەکی دیاریکراوی لەسەر پرۆسەی شەڕ هەبێت و بەرخۆدانی ئۆکراینییەکان لە دژی ڕووسیا درێژ بکاتەوە. بۆیە ئەگەر وڵاتانی ئەوروپا هەریەکەیان ١٤ تانک بۆ ئۆکرانیا بنێرن، لانی کەم ١٠٠ تانک دەگاتە ئۆکراینییەکان و دەتوانن ڕێگری لە پێشڕەوی زەمینی سوپای ڕووسیا بکەن.

زۆربەی ناوچەکانی باشوور و ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا لە زەوییە تەختەکان پێکهاتوون و سوپای ئۆکرانیا بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی هێرشبەری و کۆنترۆڵکردنەوەی ئەو ناوچانە پێویستی بە تانکی زۆر هەیە. بێگومان ئامانجی ڕۆژئاواییەکان لە ناردنی ئەو چەکانە ڕێگریکردنە لە شکستی ئۆکرانیا و درێژکردنەوەی شەڕەکە. تا تێچوون و زیانەکانی ڕووسیا لەم شەڕەدا زیاتر بێت، ڕکابەرە ڕۆژهەڵاتیەکەیان لاوازتر دەبێت.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *