بڕیاری تاران و مۆسکۆ بۆ دروستکردنی درۆنی ئێرانی لە ڕووسیا
هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ ڕۆژنامەیەکی ئەمریکی بڵاویکردەوە، دەسەڵاتدارانی تاران و مۆسکۆ تاوتوێ پلانی دروستکردنی ناوەندێکی بەرهەمهێنانی درۆنی ئێرانی لە ڕووسیا دەکەن.
ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ بە گێڕانەوە لە سەرچاوەکانی ڕایگەیاند کە تاران و مۆسکۆ بەنیازن ناوەندێکی بەرهەمهێنانی درۆنی ئێرانی لە ڕووسیا دروست بکەن کە توانای بەرهەمهێنانی شەش هەزار درۆنی هەبێت.
بە پێی ئەم ڕۆژنامەیە، شاندێکی پلە باڵای ئێران لە سەرەتای مانگی رابردوو لە سەردانێکدا بۆ ڕووسیا شوێنی دروستکردنی ئەم ناوەندەیان بەسەر کردووە و تاوتوێی وردەکارییەکانی ئەم پڕۆژەیان کردووە.
تا ئێستا وردەکاری زیاتر لەو بارەیەوە ڕانەگەیەندراوە، بەڵام سەبارەت بە تایبەتمەندی ئەو درۆنانە کە بڕیارە لەم ناوەندەدا دروست بکرێت، ئەوە ڕاگەیەندراوە کە ئەم درۆنانە لە جۆری خۆکوژییە و خێرایی زۆریان هەیە بەجۆرێک سیستەمەکانی بەرگری سوپای ئۆکرانیا ناتوانێت مامەڵەیان لەگەڵدا بکات.
لە چەند مانگی ڕابردوودا دەسەڵاتدارانی ئۆکرانیا رایانگەیاندبوو کە ئێران سەدان درۆنی بۆ ڕووسیا دابین کردووە، لەنێویاندا درۆنی خۆکوژی شاهێد-١٣٦، و سوپای ڕووسیا بە کەڵک وەرگرتن لەم درۆنانە ژێرخانە گرنگەکانی لە سەرانسەری ئۆکرانیا کردووەتە ئامانج.
هەر لەم بارەیەوە، ناسر کەنعانی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لێدوانەکانی دەسەڵاتدارانی ئۆکرانیای ڕەتکردەوە و وتی: ئێمە چەندین جار وەڵامی تۆمەتە بێ بنەماکانی دەسەڵاتدارانی ئۆکرانیامان داوەتەوە سەبارەت بە پرسی گوماناوی ناردنی درۆن بۆ ڕووسیا، و جارێکی دیکە جەخت لەوە دەکرێتەوە کە کۆماری ئیسلامی ئێران هیچ کەرەستەیەکی سەربازیی بۆ هیچ لایەنێک بۆ بەکارهێنان لە شەڕی ئۆکرانیادا نەناردووە.
لێدوانەکان