تیرۆرکردنی پێنج ئەندامی هێزەکانی خۆڕاگری لە کەرتی ڕۆژئاوا

دووشەممە 6 شوبات 2023 - 17:56
https://kurdish.iswnews.com/?p=22595

هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ میدیا عیبریەکان هەواڵی شەهیدبوونی پێنج ئەندامی هێزەکانی خۆڕاگری فەلەستینیان لە دوای هێرشی سەربازانی ئیسرائیلی بۆ سەر کەمپی عەقەبە جبر لە کەرتی ڕۆژئاوا بڵاوکردەوە.

هێزەکانی رژێمی زایۆنیستی ئەمڕۆ ٦ی شوبات هێرشیان کردە سەر کەمپی عەقەبە جبر لە ئەریحا و دوای چوونە ناو ئەم کەمپە، شەڕێکی چەکداری توند لە نێوان ئەوان و هێزەکانی خۆڕاگری فەلەستین دەستی پێکرد.

میدیاکانی عیبری رایانگەیاندووە، کە هێزە ئەمنییەکانی ئیسرائیل توانیان دوای نزیکەی دوو هەفتە لە گەڕان و پشکنین، ڕەفعەت عەویزات و مالیک لاوی دوو ئەنجامدەری ئۆپەراسیۆنی تەقەکردنەکەی ئەم دواییەی کەمپی عەقەبە جبر بدۆزنەوە و لەگەڵ سێ ئەندامی دیکەی هێزەکانی خۆڕاگری فەلەستین شەهید بکەن. هەروەها هێزەکانی ئەو رژێمە یەکێک لە سەرکردەکانی بزووتنەوەی حەماسیان لەو کەمپە دەستبەسەر کردووە.

کاتژمێرێک دوای کۆتایی هاتنی ئەم ڕووبەڕوونەوەیەدا، ڕژێمی زایۆنیستی بە فەرمی ڕایگەیاند کە دەستی بەسەر تەرمی پێنج لە شەهیدانی ئەمڕۆی کەمپی عەقەبە گرتووە و ئامادە نییە تەرمەکانیان ڕادەستی لایەنی فەلەستینی بکاتەوە.
لەم بارەیەوە یوسی یهۆشع، ڕۆژنامەنووسی ئیسرائیلی ڕایگەیاند کە دوای ڕووداوەکانی ئەمڕۆی ئەریحا، دەبێ چاوەڕوانی هێرشی تۆڵەسەندنەوە لە لایەن فەلەستینییەکان بین، هەروەک چۆن دوای ڕووداوەکانی جنین ڕوویدا.

لە کاردانەوە بە تیرۆرکردنی ژمارەیەک چەکداری خۆڕاگری فەلەستینی لە کەمپی عەقەبە لە ئەریحا، ئیسماعیل هەنیە، بەرپرسی نووسینگەی سیاسی بزووتنەوەی خۆڕاگری ئیسلامی حەماس، جەختی لەوە کردەوە کە سەرەڕای ئەم تاوانە قێزەونە، خۆڕاگری لەم ناوچەیە بەردەوامە و گروپەکانی خۆڕاگری لە ئۆپەراسیۆنەکانیان تا دەرکردنی داگیرکەران لەم خاکەوە بەردەوام دەبن.

شایانی باسە، سوپای ئیسرائیل لە ٤ی شوبات بە ئامانجی دەستگیرکردنی ئەنجامدەری ئۆپەراسیۆنێکی دژە زایۆنی، هەڵیکوتایە سەر کەمپی عەقەبە جبر کە لە ئەنجامدا شەڕێکی چەکداری توند لەنێوان ئەوان و هێزەکانی خۆڕاگری فەلەستین ڕوویدا. دوای ئەم ڕووبەڕووبوونەوەیەدا، گرووپی تازە دامەزراوەی “کەتیبەکانی عەقەبە جبر”، سەر بە کەتیبەکانی شەهید عیزەدین ئەلقەسام، باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماس رایگەیاند کە لە کاتی هێرشی هێزەکانی رژێمی ئیسرائیل بۆ سەر کەمپی عەقەبە، رووبەڕووی ئەو هێزانە بوونەتەوە.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *