بنکەی ئاسمانی نهێنی ئیسرائیل لە ئوردن!
هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ چالاکوانێکی میدیایی ئوردنی دروستکردنی بنکەیەکی ئاسمانی نهێنی ئیسرائیلی لە نزیک سنووری ئەم وڵاتە و سوریا ئاشکرا کرد.
عەلا ئەلفازە، چالاکوان و ڕۆژنامەنووسی ئوردنی، رایگەیاند کە بە مەبەستی زیادکردنی هاوکارییەکانی نێوان دەزگاکانی هەواڵگری ئوردن و موسادی ئیسرائیل، بنکەیەکی نهێنی لە ناوچەی نێوان ئەلرویشید و ئەلسەفاوی لە باکووری ڕێگای ئەممان-بەغدا بە ئامانجی چاودێریکردنی جموجۆڵەکانی میحوەری خۆڕاگری و ناوچەکانی باشووری سوریا، عێراق و تەنانەت لوبنانیش دروستکراوە، کە سەرباز و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی تێدا جێگیرن.
بە وتەی ناوبراو، ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەی ئیسرائیل کە لەم بنکەیەدا جێگیر کراون توانای تایبەتیان هەیە کە بە هۆی فڕین لە بەرزایی زۆرەوە لە لایەن ڕادارەکانەوە چاودێریکردنیان زۆر ئەستەمە. هەروەها ئەم بنکە نهێنییە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئوردنەوە دەپارێزرێت.
لە ئەگەری ڕاستی ئەم هەواڵە، توانای یەکەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانی سوپای ئیسرائیل بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن لە ناوچە جیاوازەکانی عێراق و سوریا زۆر زیاد دەکات و پێدەچێت هێرشەکانی ئەم دواییەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانی بۆ سەر چەند ئامانجێک لە نزیک شاری سنووری ئەلبوکەمال لە پارێزگای دێرەزووری سوریاش لەم بنکەیە و بە پشتیوانی ئەمریکییەکان جێبەجێ کرابێت.
ئەم بابەتە لە کاتێکدایە کە دوای هاتنە سەرکاری جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا و بەپێی ڕێککەوتنی نێوان ئەمریکا و ئوردن، سەربازانی ئەمریکی لە زیاتر لە ١٥ بنکە و سەربازگە لە ئوردن جێگیر کراون، و هەروەها بنکەی ئاسمانی “موفق السلطي” بووەتە بنکە و بارەگای سەرەکی فەرماندەیی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئەمریکا لە ڕۆژئاوای ئاسیا.
بە جێگیرکردنی سەربازانی ئیسرائیلی لەسەر سنووری ئوردن و سوریا و بە هۆی بوونی بەهێزی ئەمریکییەکان، وا دیارە وڵاتی ئوردن بووەتە شوێنێک بۆ فەرماندەیی میحوەری عیبری-ڕۆژئاوا-عەرەبی بۆ ڕێنماییکردن و جێبەجێکردنی ئۆپەراسیۆنەکان لەدژی میحوەری خۆڕاگری.
لەم بارەیەوە:
لێدوانەکان