بایدن پابەندبوونی وڵاتەکەی بە رێککەوتننامەی چوارچێوەی ستراتیجی لەگەڵ عێراق بۆ سوودانی دووپات کردەوە
سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن و سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەممەد شیاع سودانی، پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجامدا و دەربارەی گەشەپێدانی ئابووری عێراق و پرسە ئەمنییەکانی ناوچەکە و جیهان گفتوگۆیان کرد.
سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن و سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەممەد شیاع سودانی، پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجامدا و لەمیانەی دا دەربارەی گەشەپێدانی ئابووری عێراق و پرسە ئەمنییەکانی ناوچەکە و جیهان گفتوگۆیان کرد.
لە راگەیەندراوێکی کۆشکی سپیدا ئەوە خراوەتەڕوو کە لە میانەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا بایدن ئەوەی دووپات کردووەتەوە کە ئەمریکا پابەندە بە “رێککەوتننامەی چوارچێوەی ستراتیجی” کە لەگەڵ عێراق واژووی کردووە و ستایشی هەوڵەکانی سودانیشی کردووە بۆ بەهێزکردنی سەربەخۆیی و سەروەریی عێراق. هاوکات باسیان لە سیاسەتەکانی سودانی بۆ ئابووری عێراق کردووە و سەرۆکی ئەمریکا ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ پەسەندکردنی ئەم سیاسەتانە خستووەتەڕوو.
سەرۆکوەزیرانی عێراق هەروەها سوپاسی بایدنی کرد بۆ پابەندبوونی بە پتەوکردن و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق لە هەموو بوارەکاندا و جەختی لە پابەندبوونی هاوبەشی هەردوو وڵات بۆ شکستی هەمیشەیی داعش کردەوە.
بەگوێرەی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، هەردوولا ڕێکەوتن لەسەر ئەوەی سەقامگیری ناوچەکە پەیوەستە بە سەقامگیریی عێراقەوە و نابێت عێراق وەک سەکۆیەک بۆ هێرشکردنە سەر دراوسێکان یان بارەگاکانی ڕاوێژکارانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەکاربهێنرێت. هەروەها بڕیاردرا کە لایەنەکان لە چەند مانگی داهاتوودا بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە نزیکەکانی دوولایەنە لە پەیوەندیکردن بەردەوام بن.
لێدوانەکان