وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل: لەگەڵ سودان ڕێککەوتین لەسەر ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان
هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ ئیلی کۆهین وەزیری دەرەوەی ڕژێمی زایۆنیستی شەوی پێنجشەممە دوای گەڕانەوەی لە سودان رایگەیاند کە ئەم ڕژێمە لەگەڵ خەرتوم بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان گەیشتووەتە ڕێککەوتن. کۆهین وتی: لە گەشتێکی مێژوویی گەڕاینەوە بە هەواڵێکی گرنگەوە.
وەزیری دەرەوەی ڕژێمی زایۆنیستی زیادی کرد: سەفەر بۆ سودان ڕێککەوتنێکی مێژوویی ئاشتی لەگەڵ وڵاتێکی ستراتیژی دادەمەزرێنێت.
ناوبراو بە ئاماژەدان بەوەی کە ڕێککەوتنی ئاشتی نێوان ڕژێمی زایۆنیستی و سودان یارمەتیدەر دەبێت بۆ ئاسایشی نیشتمانی ئەم ڕژێمە، وتی: ڕێککەوتنی ئاشتی لەگەڵ سودان ئەمساڵ واژۆ دەکرێت.
کۆهین زیادی کرد: بە سێ بەڵێ بۆ ئاشتی و دانوستان و داننان بە (ڕژێمی) ئیسرائیل لە خەڕتوومەوە گەڕاینەوە. ئێمە ڕەشنووسی ڕێککەوتنی ئاشتیمان لەگەڵ سودان خستەڕوو، کە دوای پێکهێنانی حکومەتێکی مەدەنی لەوێ واژۆ دەکرێت.
وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل ئاماژەی بەوەشکرد، ڕێککەوتن لەگەڵ سودان ڕێگە بۆ ڕێککەوتنی زیاتر لەگەڵ وڵاتانی ئەفریقا دەکاتەوە.
هەروەها وتی: سودان ئارەزووی ڕێککەوتنی لەگەڵ ئیسرائیل دەکات بۆ کردنەوەی دەرگاکان بەڕووی ئەمریکا و وڵاتانی تری ڕۆژئاوادا.
کۆهین وتی کە سودان دەرگاکانی خۆی بەڕووی ڕۆژئاوا و وازهێنان لە پشتیوانیکردن لە حەماسی هەڵبژاردووە و ئەمەش ڕێگەیەکی دروستە. ڕێککەوتنەکە لەگەڵ سودان ڕێککەوتنێکی ئاشتییە بۆ ئاشتی.
پێشتر سەرچاوە هەواڵییەکان بڵاویان کردبووەوە کە وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل ڕۆژی پێنجشەممە بە سەرۆکایەتی شاندێک گەیشتە خەڕتووم و لەگەڵ سەرۆکی ئەنجومەنی سەروەریی سودان کۆبووەتەوە.
هاوکات لەگەڵ بەردەوامی دانوستانەکان لەگەڵ لایەنی سودانی، سەرچاوەیەکی سیاسی ڕایگەیاند کە ڕژێمی زایۆنیستی لەم قۆناغەدا بە دوای گەیشتن بە ڕێککەوتنی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی دیکەیە لەوانە مۆریتانیا و ئەندەنوسیا.
ئەم سەرچاوەیە جەختی کردەوە کە لەم ڕووەوە ٧ یان ٨ وڵاتی عەرەبی و ئیسلامی هەیە کە ڕەنگە پەیوەندی بە ڕێککەوتنی ئابراهام (ئیبراهیم) بکەن.
لە تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠، سودان لە چوارچێوەی ڕێککەوتن لەگەڵ ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، ئیرادەی خۆی بۆ داننان بە ڕژێمی زایۆنیستی و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵیدا ڕاگەیاند، بە مەرجی لابردنی ناوی ئەم وڵاتە لە لیستی ڕەشی پشتیوانی تیرۆری واشنتۆن.
پەیوەستبوونی خەڕتووم بە ڕێککەوتنی ئیبراهیم پرسێکی نوێ نییە؛ چونکە ئەم بابەتە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی نێوان ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمریکا و بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و عەبدولفەتاح ئەلبۆرهان فەرماندەی سوپای سودان لە تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠دا ئاماژەی پێکراوە.
لێدوانەکان