لە باشووری یەمەن لیوایەکی نوێ لە هێزەکانی ئەلدرع ئەلوەتەن پێکهێنرا
هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ لیوای نوێی هێزەکانی “ئەلدرع ئەلوەتەن” لە ناوچەکانی باشووری یەمەن بە پشتیوانی عەرەبستان و بە فەرمانی ڕەشاد ئەلعەلیمی سەرۆکی ئەنجومەنی سەرۆکایەتی حکومەتی دەستلەکارکێشاوەی یەمەن پێکهێنرا.
ڕەشاد ئەلعەلیمی، سەرۆکی ئەنجومەنی سەرۆکایەتی حکومەتی دەستلەکارکێشاوەی یەمەن، پلانی پێکهێنانی لیوایەکی نوێ لە هێزەکانی ئەلدرع ئەلوەتەن بە سەرکردایەتی “بەشیر سەیف ئەلمەزربی ئەلسەبیحی” پەسەند کرد. ئەم پلانە لە ساڵی ٢٠٢٢ لە ژێر ناوی هێزەکانی “ئەلعمالقە لە کەنارەکانی ڕۆژئاوا” پێشنیار کرا، بەڵام بە بۆچوون و بڕیاری ڕاوێژکارانی سعودیە، لەگەڵ هێزەکانی ئەلدرع ئەلوەتەن یەکیان گرت.
ئەلسەبیحی یەکێکە لەو کەسە دیارانەی کە لە ناوەندی سەلەفییەکان لە ناوچەی دەماج لە سەعدەی یەمەن خوێندوویەتی و بە یەکێک لە کەسە نزیکەکانی عەبدولڕەحمان ئەبوزرعە ئەلمحرەمی فەرماندەی هێزەکانی ئەلعمالقە دادەنرێت. ناوچەی کاریگەر و جێگیربوونی ناوبراو لە ئیدارەی ئەلمزاربە و ڕاس ئەلعارە لە پارێزگای لەحج ـە. هاوکات ناوبراو لە لایەن ئیماراتەوە پاڵپشتی دەکرێت و لە شەڕ و پێکدادانەکانی ساڵانی ڕابردووی عەدەن لەگەڵ چەکدارانی ئەنجومەنی ئینتقالی باشوور چەندین جار شەڕی کردووە و دەستگیرکراوە.
زیادبوونی دەسەڵاتی هێزەکانی ئەنجوومەنی ئینتقالی باشوور و کەمبوونەوەی دەسەڵاتی حیزبی ئیسڵاح لە پارێزگاکانی باشووری یەمەن عەرەبستانی ناچار کردووە هێزەکانی دیکە لە گرووپەکانی سەر بەو وڵاتە بەهێز بکات. پێش ئەمەش سەرچاوە مرۆییەکانی هێزەکانی ئەلدرع ئەلوەتەن لە هۆزەکانی باکووری پارێزگای حەزەرمەوت و هێزەکانی تاریق ساڵحەوە دابین دەکرا و ئێستا سەلەفی و توندڕەوەکانی ناوچەکانی باشووری یەمەنیش بۆ ئەو بازنەیە زیاد کراون. ئەم هێزانە لە کۆتاییەکانی ساڵی رابردوو بە فەرمی پێکهێنران و لە ٢٤ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٢ەوە بە فەرمانی سعودیە کۆنتڕۆڵی بنکەی ئەلعەندیان گرتە دەست.
لێدوانەکان