هێرشی ئاسمانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە + ڤیدیۆ

پێنجشەممە 2 شوبات 2023 - 13:00
https://kurdish.iswnews.com/?p=22404

هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ لە کاردانەوە بە هێرشی مووشەکی خۆڕاگری فەلەستین بۆ سەر شارۆچکەی سدیرۆتی زایۆنیستەکان، سوپای ئیسرائیل هێرشی کردە سەر چەند ناوچەیەکی کەرتی غەززە.

دوای هێرشی مووشەکی خۆراگری فەلەستین بۆ سەر شارۆچکەی سدیرۆتی زایۆنیستەکان، فڕۆکەکانی سوپای ڕژێمی زایۆنیستی بە چەند موشەکێک هێرشیان کردە سەر دوو بنکەی سەر بە کەتیبەکانی ئەلقەسام باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماسی فەلەستین لە ناوەڕاستی کەرتی غەززە. ئەم هێرشە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.

سوپای رژێمی زایۆنیستی بە پشتڕاستکردنەوەی هەواڵی هێرش بۆ سەر چەند ناوچەیەکی کەرتی غەززە ڕایگەیاند کە حەماس بەرپرسیارە لەوەی کە لە کەرتی غەززە ڕوودەدات.

هەروەها سوپای ڕژێمی زایۆنیستی بانگەشەی ئەوەی کردووە کە دوو شوێنی بەرهەمهێنانی چەکی سەر بە کەتیبەکانی ئەلقەسام لە هێرشی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ بۆسەر کەرتی غەززە کراونەتە ئامانج.

هاوکات لەگەڵ ئەم هێرشانەدا، گرووپە خۆڕاگرییەکانی فەلەستین زیاتر لە ٦ موشەکیان ئاراستەی ناوچە داگیرکراوەکانی دەوروبەری کەرتی غەززە کرد کە بەهۆیەوە زەنگی ئاگادارکردنەوە لەو ناوچانە لێدرا و سیستەمی قوبەی ئاسنین چالاک کرا.

دوای چەند کاتژمێرێک لە هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، کەتیبەکانی ئەلقەسام، باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماس، بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە: بەرگریی ئاسمانی هێزەکانی خۆڕاگری لە کاتی هێرشەکانی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ بۆ سەر کەرتی غەززە، چەندین مووشەکی زەوی بۆ ئاسمانی بەرەو فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیلی تەقاندووە.

جگە لە ئەلقەسام، کەتیبەکانی ئەلموجاهدین، باڵی سەربازی بزووتنەوەی موجاهدینی فەلەستین، ڤیدیۆیەکی تەقاندنی مووشەکی زەوی بۆ ئاسمانی بە ئاراستەی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بڵاوکردەوە.

ئەمە شەشەم جارە هێزەکانی خۆڕاگری فەلەستین بۆ بە ئامانجکردنی فڕۆکەکانی رژێمی ئیسرائیل ئەم چەکە بەکاردەهێنێت. پێشتر لە ٢ی کانونی دووەم، ١٨ نیسان، ٢١ نیسان، ٤ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٢ و ٢٧ی کانونی دووەمی ٢٠٢٣، هێزەکانی خۆڕاگری فەلەستین چەکی شان‌هاوێژی سام-٧یان بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشەکانی هێلیکۆپتەر و فڕۆکە جەنگییەکانی رژێمی زایۆنیستی لە کەرتی غەززە بەکارهێناوە.

جێی ئاماژەیە لە بەیانی ٢٧ی کانونی دووەمی ٢٠٢٣، سوپای ئیسرائیل لە وەڵامی هێرشی مووشەکی هێزە فەلەستینیەکان بۆ سەر شارۆچکەی عەسقەلان هێرشی کردە سەر چەند ناوچەیەکی کەرتی غەززە.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *