هەنیە: ناوچەکە بەرەو ئاڵۆزییەکی کەم وێنە هەنگاو دەنێت
هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ سەرۆکی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی خۆڕاگری ئیسلامی فەلەستین (حەماس) وتی: ناوچەکە بە کردەوەکانی ڕژێمی زایۆنیستی بەرەو ئاڵۆزییەکی کەم وێنە هەنگاو دەنێت.
ئیسماعیل هەنیە رایگەیاند: شەڕ و پێکدادان لە ناو زیندانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی نامێنێتەوە، چونکە گەلی فەلەستین دیلەکانی بە تەنیا ناهێڵێت.
ناوبراو بە ئاماژەدان بەوەی کە جیهان لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی ڕاستەقینەدایە، داوای لە سەرکردەکانی جیهان و گەلانی ئازادیخواز کرد کە هەوڵی ڕاگرتنی تاوانەکانی ئیتمار بن گویر و حکوومەتی توندڕەو و فاشیستی ڕژێمی زایۆنیستی بدەن.
هەنیە وتی: ئیدارەی زیندانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی بە فەرمانی وەزیری تیرۆریستی ئاسایشی ناوخۆی زایۆنیستی، لە ڕۆژی هەینیەوە دەستی بە سەرکوتکردنی دیلەکانی فەلەستینی کردووە.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد: ئەم سەرکوتکردنە لە چوارچێوەی پلانی تیرۆریستی کابینەکەی ناتانیاهۆ و بە سەرپەرشتی وەزیری ئاسایشی ناوخۆی ئەم ڕژێمە داگیرکەرە جێبەجێ دەکرێت.
سەرۆکی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی حەماس وتی: بن گویر لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بە کردارەکانی وەک ڕێزگرتن لە “محەمەد عەلی” بکوژی منداڵی فەلەستینی لە کەمپی شوفعات، پاڵپشتی لە کۆمەڵکوژی جنین، سەرکوتکردنی ئەو کەسانەی کە پێشوازییان لە کەریم و ماهر یونس کردەوە، پەردەی لەسەر پلانە تیرۆریستییەکانی لادا.
ئاژانسی سەما لە سەر زاری هەنیە ڕایگەیاند کە هێرش کراوەتە سەر بەشی هەشتەمی گرتووخانەی ” النقب” و ژمارەیەک لە دیلەکانی جنین لەو گرتووخانەدا گواستراونەتەوە. هێزەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لە گرتووخانەی ” مجدو ” ١٨ دیلیان خستووەتە ژووری تاکەکەسی لە گرتووخانەی ” عوقر ” و پرۆسەی سەرکوتکردنی دیلەکان تا ئێستاش بەردەوامە.
لێدوانەکان