والی داعش لە ڕەققە لەلایەن هێزەکانی هەسەدە دەستگیرکرا + ڤیدیۆ
هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ هێزەکانی هەسەدە، والی گروپی تیرۆریستی داعش و ٦٨ ئەندامی دیکەی ئەم گرووپەیان لە ڕەققە و ناوچەکانی دەوروبەری دەستگیرکرد.
هێزەکانی هەسەدە لە یەکەم ڕۆژی ئۆپەراسیۆنی “تۆڵەسەندنەوەی شەهیدانی ڕەققە”، دەستبەسەرکردنی والی گروپی تیرۆریستی داعش و ٦٨ ئەندامی دیکەی ئەم گرووپەیان لە شاری ڕەققە و دەوروبەرەکەی ڕاگەیاند.
لە بەیاننامەکەدا کە ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی هەسەدە بڵاویکردۆتەوە، هاتووە؛ هێزەکانی هەسەدە بە پاڵپشتی ئاسمانی هاوپەیمانی ئەمریکا لە کاتژمێرەکانی سەرەتای ئۆپەراسیۆنی “تۆڵەسەندنەوەی شەهیدانی ڕەققە”، ٦٨ ئەندامی داعش و والی ئەم گروپەیان بە ناوی “عەتا ئەحمەد ئەلمیسان” دەستبەسەر کردووە.
بەگوێرەی دانپێدانانی ئەلمیسان لە گرتە ڤیدیۆیەکەی هەسەدە، ئەو فەرماندەی “کەتیبەی خالید بن وەلید”ی گروپی تیرۆریستی داعش بووە. چەکدارانی ئەم کەتیبەیە لە ٢٦ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٢ هێرشیان کردبووە سەر بارەگایەکی سەربازی هێزەکانی هەسەدە لە گەڕەکی ئەلدرعیە لە ڕۆژئاوای شاری ڕەققە و لە ئەنجامدا چوار ئەندامی هێزەکانی هەسەدە کوژران.
والی داعش لە ڕەققە هەروەها دانی بەوەدانا کە فشاری خستۆتە سەر خەڵکی گوند و ناوچەکانی دەوروبەری ڕەققە بۆ کۆکردنەوەی هاوکاری دارایی بۆ داعش.
شایانی باسە ئۆپەراسیۆنی “تۆڵەسەندنەوەی شەهیدانی ڕەققە” لەلایەن هێزەکانی هەسەدە و بە پاڵپشتی ئاسمانی هاوپەیمانی ئەمریکا لە دوێنێوە دەستی پێکردووە. بەگوێرەی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، لە یەکەم ڕۆژی ئەم ئۆپەراسیۆنەدا گوندەکانی ئەلمەنسوورە، ئەلکەرامە، سرین و ئەلجرنیە لە دەوروبەری شاری ڕەققە پاککراوەتەوە.
لێدوانەکان