دوایین هەواڵەکان لە بەرەکانی ئۆکرانیا، ٢٤ی کانونی دووەمی ٢٠٢٣
هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان سوپای ڕووسیا و ئۆکرانیا لە میحوەرەکانی سۆڵدار، باخموت و ڤۆدیانە لە پارێزگای دۆنێسک و بەرەی باشووری ناوچەی ئۆریخیڤ و کامیانسکێگە لە پارێزگای زاپرۆژیا بەردەوامە.
بەرەی سۆڵدار و باخموت:
دوای کۆنتڕۆڵ کردنی شاری کراسنۆپۆلیوکا لەلایەن هێزەکانی ڕووسیاوە، ئەو هێزانە بە درێژایی ڕێگای سێڤێرسک و باشووری ناوچەی ڕۆزدلیوکا هێرشەکانیان ئەنجام دەدەن. فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای ئۆکرانیا بۆ پاڵپشتیکردنی هێزەکانی ئەو وڵاتە چەند جارێک پێگەکانی ڕووسیایان بۆردومان کردووە.
پێکدادانەکان بەشێوەیەکی قورس لە میحوەری باکوری ڕۆژهەڵاتی شارۆچکەی باخموت لە ناوچەی کراسناگۆرا بەردەوامە و هێزەکانی ئۆکرانیا بە ئەنجامدانی هێرشی تۆپخانەیی و ناردنی زرێپۆشی گەورە هەوڵی بەرپەرچدانەوەی هێرشەکانی ڕوسیا دەدەن. هەروەها هێرشە ئاسمانییەکانی ڕووسیا بۆ سەر میحوەری ڕۆژهەڵات و باشووری باخموت قورستر بوون و میدیاکان باسیان لەوە کردووە کە ڕووسەکان پلانیان هەیە بە ئاراستەی باکوور و ڕۆژئاوای کلیشکیوکا بجوڵێن و لە میحوەری باشوورەوە گەمارۆی باخموت جێبەجێ بکەن. هەر لەم بارەیەوە هەواڵێک سەبارەت بە هێرشی ڕووسەکان بەرەو ناوچەی ئیڤانیۆسکی بڵاو کراوەتەوە کە تا ئێستا ئەنجامی ئەو هێرشە دیار نییە.
بەرەی دۆنێتسک:
بەگوێرەی ڕاپۆرتی میدیاکانی ڕووسیا، لە ئەنجامی شەڕێکی قورسدا، هێزەکانی سوپای ڕووسیا سەرکەوتوو بوون لە گرتنی بەرزاییەکانی باکووری شاری ڤیدیانە لە ناوچەکانی باکوری دۆنێتسک.
هەروەها میدیاکانی ئۆکرانیا باسیان لە ئەگەری هێرشی بەرفراوانی هێزەکانی ڕووسیا بۆ سەر هێڵەکانی مارینکا، کراسنۆگۆریڤکا، نۆڵسکۆی و پرۆمێسک کردووە، بەڵام تا ئێستا هیچ هەواڵ و بەڵگەیەک بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەم ئەگەرە بڵاونەکراوەتەوە.
بەرەی زاپۆروژیا:
دوای ماوەیەکی زۆر هێزەکانی ڕووسیا چوونەتە نیوەی باشووری گوندی گرنگی کامیانسکی لە کەناری ڕووباری دنیپرۆ و توندی هێرشەکانیان لە میحوەرەکانی دیکەی زاپۆروژیا بووەتە هۆی کشانەوەی هێزەکانی ئۆکرانیا لە نیوەی باکوور ئەم گوندە. هەندێک لە میدیاکانی ڕووسیا بانگەشەی ئەوە دەکەن کە نیوەی باکووری ئەم گوندە لەلایەن سوپای ڕووسیاوە دەستی بەسەردا گیراوە، بەڵام بەهۆی ئەگەری هێرشی تۆپخانەیی سوپای ئۆکرانیا، ئەمە بەدی نەهاتووە.
سوپای ئۆکرانیا لە بەرەی باشووری ئوریخیڤ توانی هێرشەکانی ڕووسیا بەرپەرچ بداتەوە و هێڵی ناڤادانیلیوکا-شێرباکی بپارێزێت. هەروەها هێرشی تۆپخانەیی ئۆکرانیا بۆ سەر هێڵی پشتەوەی هێزەکانی ڕووسیا لەم بەرەیەدا بەردەوامە و بووەتە هۆی کەمبوونەوەی توانای ڕووسیا بۆ درێژەدان بە هێرشەکان.
بەرەی باکووری ئۆکرانیا:
دوابەدوای زیادبوونی هێرشەکانی سوپای ڕووسیا بۆ سەر بەرەی ئۆسڤاتۆڤ کرمینا، هێزە چەکدارەکانی ئۆکرانیا سەرباز و کەرەستەی سەربازییان لە شاری خارکیڤەوە بۆ ئەم بەرەیە ناردووە. هیچ گۆڕانکارییەک لە هێڵەکانی ئەم میحوەرەدا ڕووینەداوە و تا ئێستاش هەردوولا سەرقاڵی ئاڵوگۆڕی هێرشی ئاسمانی و تۆپخانەیین.
فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان و فڕۆکە سیخوڕییەکانی سوپای ڕووسیا باس لە جێگیرکردنی تۆپخانەکانی ئۆکرانیا لە ناوچەی ڤیسۆکۆی سەر بە پارێزگای سامی دەکەن. هەروەها سوپای ئۆکرانیا بەنیازە فیرقەیەکی بەرگری (پێدەچێت سیستەمی بەرگری پاتریۆت) لە ناوچەی ڤاسیلیکۆڤ لە نزیک کیێڤ جێگیر بکات.
ناوچە سنوورییەکانی ڕووسیا:
دوابەدوای هێرشە تۆپخانەییەکانی هێزەکانی ئۆکرانیا بۆ سەر گوندی ڤۆڵفینۆ لە پارێزگای کورسک لە ڕۆژئاوای ڕووسیا، زیان بە هێڵەکانی کارەبا لەو ناوچانە کەوتووە و بووەتە هۆی پچڕانی کارەبا لە چەند گوندێک. هەروەها بەرگری ئاسمانی سوپای ڕووسیا مووشەکێکی توچکا-یو ـی سوپای ئۆکرانیای لە ئاسمانی گوندی کازینکا لە پارێزگای بێلگۆرۆد خستووەتە خوارەوە.
لێدوانەکان