دیداری وەزیری بەرگری سووریا لەگەڵ سەرۆک ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران
هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ لە میانەی سەردانەکەیدا بۆ تاران، وەزیری بەرگریی سووریا لەگەڵ سەرۆک ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران کۆبووەوە و تاوتوێی هەندێک بابەتیان کرد.
لیوا عەلی مەحمود عەباس، وەزیری بەرگریی سووریا، بە ئامادەبوونی لە بارەگای گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە تاران لەگەڵ سەرۆک ئەرکانی گشتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران، فەریق محەممەد باقری دیدار و گفتوگۆی کرد.
فەریق باقری لەم دیدارەدا ڕایگەیاند: لە سەرەتای داگیرکردنی خاکی فەڵەستینەوە، سووریا لە پێشەنگی پشتیوانیکردنی فەلەستین و جیهانی ئیسلامیدا بووە و ئەم خۆڕاگرییە جێگای دەستخۆشییە. ئێوە تا ئێستا کارێکی گەورەتان کردووە و خوداش ئیشاڵڵا یارمەتیتان دەدات.
سەرۆک ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران ڕایگەیاند؛ ڕژێمی زایۆنی لە هەشت دەیەی داگیرکردنی فەلەستین هەموو ئەو تاوانانەی توانیویەتی ئەنجامی داوە و پێویستە لەمبارەیەوە وەڵامی خەڵکی جیهان بداتەوە. هەندێک وڵاتی عەرەبی کە ڕێگای ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان گرتەبەر، خیانەتیان لە دۆزی فەلەستین و جیهانی عەرەبی و جیهانی ئیسلامی کرد و دەبێت وەڵام بدەنەوە.
ناوبراو ووتی: حکومەت و گەلی سووریا بە ئیرادە و خۆڕاگری بەرەنگاری ئەو پیلانگێڕییە بوون کە لە ١٠ ساڵی ڕابردوودا دەستی پێکرد و توانیان خاکی خۆیان بپارێزن، و پیرۆزبایی ئەم سەرکەوتنە لە ئێوە و هەموو هاوکارەکانتان دەکەم. سوپاس بۆ خوا، سووریا توانی پلانی دوژمنەکان پووچەڵ بکاتەوە؛ ئەم پلانە کە دەکرا جیهانی ئیسلامی و ڕۆژئاوای ئاسیا تێکبدات، تووشی شکست هات کە ئەمە ئەرکێکی گەورە بوو. شانازی دەکەین کە بەیەکەوە لەگەڵ گەل و حکومەت و سوپای سووریا بەشداریمان لەم داستانە گەورەیەدا کردووە.
باقری ئاماژەی بەوەدا؛ ئاسایش لە ناوچەی ڕۆژئاوای ئاسیا بەیەکەوە گرێدراوە و ناکرێت لە شوێنێک نائەمنی هەبێت و لە شوێنەکانی دیکەش ئاسایش هەبێت، بۆیە پێویستە ئەو هاوکارییانە بەردەوام بن. ستایش بۆ خودا، هاوکاری دوو هێزی چەکدار و دوو حکومەت دەتوانێت مۆدێلێک بێت بۆ هاوکارییەکی تەواو و گشتگیر لە نێوان هەردوو وڵاتدا. هەر لەبەر ئەم هۆکارە زۆرێک لە زلهێزە خۆبەزلزانەکان دژایەتی ئەم هاوکارییە دەکەن و قبووڵی ناکەن.
لیوا عەباس هەروەها ڕایگەیاند؛ ئێمە شانازی دەکەین کە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێرانداین. ئێمە جەخت لەوە دەکەینەوە کە ئێران لە هەموو قۆناغەکانی قەیرانەکەدا لە تەنیشت سووریاوە وەستاوە.
وەزیری بەرگری سووریا وێڕای سوپاسی کۆماری ئیسلامی بۆ پشتیوانی لە بەرەی خۆڕاگری، داوای پەرەپێدانی ئەو پشتیوانیانە کرد. لەم دیدارەدا هەردوولا جەختیان لەسەر ئەنجامدانی مانۆڕێکی هاوبەش لە نێوان هەردوو وڵاتدا کردەوە.
لێدوانەکان