دەستپێکردنی گەورەترین مانۆڕی هاوبەشی نێوان ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی
هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنی ڕۆژی دووشەممە گەورەترین مانۆڕی سەربازی هاوبەشیان لە ساڵی ٢٠٢٣ لە ڕۆژاوای ئاسیا دەستپێکرد.
بارەگای تیرۆریستی ئەمریکا لە ڕۆژئاوای ئاسیا (سێنتکۆم) لە بەیاننامەیەکدا دەستپێکردنی مانۆڕی دەریایی، وشکانی و ئاسمانی هێزەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلی لە ناوچە داگیرکراوەکانی فەلەستین و ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست بە ناوی “juniper oak” بە ئامانجی زیادکردنی ئامادەیی هێزەکانی هەردوولا، سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکە ڕاگەیاند.
ئەم مانۆڕە تا ڕۆژی هەینی (٢٧ی کانونی دووەم) بە بەشداری ٦٤٠٠ سەربازی ئەمریکی و ١١٠٠ سەربازی ئیسرائیلی و زیاتر لە ١٤٠ فڕۆکەی جەنگی (١٠٠ فڕۆکەی ئەمریکی لەوانە چوار فڕۆکەی ستراتیژی بی ٥٢ و دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێم کیو ٩ ڕیپەر و ٤٢ فڕۆکەی ئیسرائیلی)، ١٢ یەکەی دەریایی و سیستەمی مووشەکی و کەشتی فڕۆکەهەڵگری جۆرج ئێچ دبلیو بوش بەرێوەدەچێت.
بەگوێرەی سوپای ئیسرائیل، “هێزە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا سیناریۆی جۆراوجۆر بۆ هاوکاری و بەشداریکردن لە بەکارهێنانی جۆرەها فڕۆکەی جەنگی، فڕۆکەی گواستنەوە و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان پراکتیزە دەکەن. ئەم مانۆڕە ئامادەیی هاوبەشی ئیسرائیل و ئەمریکا دیاری و پەیوەندییە ئۆپەراسیۆنییەکانی نێوان دوو سوپا باشتر دەکات.”
هاوکات لەگەڵ دەستپێکردنی ئەم مانۆڕەدا، کەناڵی ئەمریکی سیئێنبیسی لە زاری فەرماندەیەکی سەربازی ئەمریکییەوە بڵاویکردەوە: “ئامانج لەم مانۆڕانە ئەوەیە بە دوژمنانی وەک ئێران بڵێین، هێرشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا و هەڕەشەکانی چین بۆ کۆکردنەوەی هێزێکی سەربازیی بەرفراوان، ئەمریکا سەرقاڵ ناکات”.
ئەم مانۆڕە لە کاتێکدا دەستی پێکردووە کە گرژییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا لە چەند هەفتەی ڕابردوودا بە هۆی پاڵپشتی حکومەتی جۆ بایدن لە نائارامییەکانی ئێران و سەپاندنی سزای نوێ بەسەر کەسایەتی، کۆمپانیا و ڕێکخراوە ئێرانییەکان بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە. هەروەها دوای دەستبەکاربوونی بنیامین ناتانیاهۆ وەک سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، ناوبراو بە هەڵوێستی توند دژی ئێران ڕایگەیاند کە هەوڵەکانی ئێران بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی پووچەڵ دەکاتەوە!
لێدوانەکان