ئەڵمانیا گڵۆپی سەوزی بۆ پۆڵەندا داگیرساند بۆ ئەوەی تانکی لیۆپارد بە ئۆکراینا بدات
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، ئانالێنا بێیەربۆک رایگەیاند، ئەگەر پۆڵەندا بیەوێت تانکی لیۆپارد’ی ئەڵمانی رەوانەی ئۆکراینا بکات لە دژی ئەم بڕیارە ناوەستنەوە.
ئانالێنا بێیەربۆک لە وەڵامی پەیامنێری تەلەڤیزیۆنی “LCI”ی فەڕەنسی کە پرسی “ئەگەر پۆڵەندا تانکی لیۆپارد رادەستی ئۆکراینا بکات چی روو دەدات؟”، گوتی: “تاکوو ئێستا ئەو پرسیارەمان لێ نەکراوە، بەڵام ئەگەر پرسیارمان لێ کرابووایە نەدەبووینە رێگر”.
میدیاکانی ئەڵمانیا لێدوانەکەی وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەیان وەک “داگیرساندنی گڵۆپی سەوز بۆ رەوانەکردنی تانکی لیۆپارد بۆ ئۆکراینا” لێک دایەوە.
وەزیرانی دەرەوەی لیتوانیا، لاتیڤیا و ئیستۆنیا لە هەژمارە فەرمییەکانی خۆیان لە تویتەر داوایان لە ئەڵمانیا کرد ئەم جۆرە تانکە بە ئۆکراینا بدات و نووسیوویانە: “ئەمە بۆ راگرتنی هێرشکارییەکانی رووسیا، هاوکاریکردنی ئۆکراینا و هێنانەوەدی ئاشتی لە ئەورووپا پێویستە. ئەڵمانیا وەک وڵاتێک کە لە رووی هێزەوە لە ریزی پێشەوەیە لە ئەورووپا، لەمبارەیەوە بەرپرسیارێتی تایبەتی لەسەر شانە”.
تانکی لیۆپارد کە لەلایەن ژمارەیەک لە سوپای وڵاتانەوە بەکار دەهێندرێت، بەهۆی ئەوەی کە لە ئەڵمانیا بەرهەم دەهێندرێت، هەر وڵاتێک رەوانەی بکات بۆ وڵاتێکی دیکە، پێویستە رەزامەندی ئەڵمانیا وەربگرێت.
ژمارەی ئەم جۆرە تانکانە لە سەرتاسەری جیهان نزیکەی دوو هەزار و ٦٧٠ تانکە. کێشی تانکەکە نزیکەی ٦٤ تۆنە و لە کاتژمێرێکدا بە خێرایی ٧٠ کیلۆمەتر دەگاتە شوێنی مەبەست و تیرەی لوولەتۆپەکەی ١٢٠ میلیمەترە و دەتوانێت ئامانجەکانی تاکوو دووری پێنج هەزار مەتر بپێکێت.
لێدوانەکان