نیازی عێراق بۆ کڕینی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ کۆنترۆڵکردنی سنوورەکان
هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ جێگری سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق بڕیاری کڕینی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بە مەبەستی کۆنترۆڵکردنی سنوورە سەختەکانی وڵاتەکەی ڕاگەیاند.
سەگڤان سندی سەندی، جێگری سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی ئەلسەباح ڕایگەیاند: پاسەوانانی سنوور کێشەیان لە کۆنترۆڵکردنی سنوورەکان هەیە، بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵات لەگەڵ ئێران و لە باکوور لەگەڵ تورکیا. پاسەوانانی سنووری عێراق پێویستیان بە هێزی زیاتر و تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو و کامێرای بینینی شەوانە و کامێرای حەراری هەیە.
ناوبراو ووتی: بەشێکی گەورەی کێشەی پاسەوانانی سنوورەکان بەرفراوانی ناوچە سنوورییەکان و کەمی هێزەکانە و هەر لەبەر ئەم هۆکارەش پێویستە ژمارەی هێز و بنکە سنوورییەکان زیاد بکرێت و هێزەکان تەیار بکرێن.
سندی جەختی لەوە کردەوە: بەشێکی بەرچاو لە سنوورەکانی ڕۆژهەڵات و باکووری عێراق ناوچە شاخاوی و سەختن، هەر لەبەر ئەم هۆکارەش کۆنترۆڵکردنیان ئەستەمە، و دەبێت هێزی تایبەتمەند و مەشقپێکراو لەو ناوچانە جێگیر بکرێن. پاسەوانانی سنوور پێویستیان بە پشتیوانییە بە چەکی پێشکەوتوو و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی مۆدێرن و دروستکردنی ڕێگای نوێ لە ناوچە شاخاوییەکان.
لێدوانەکان