سەرۆک ئەرکانی نوێی سوپای ئیسرائیل بە فەرمی دەستبەکاربوو

سێشەممە 17 كانونی دووه‌م 2023 - 13:11
https://kurdish.iswnews.com/?p=21801

هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ ڕێوڕەسمی دەستبەکاربوونی سەرۆک ئەرکانی نوێی گشتیی سوپای ڕژێمی زایۆنیستی بە ناساندنی هێرزی هالێڤی وەک بیست و سێیەمین سەرۆک ئەرکانی گشتیی سوپای ڕژێمی زایۆنیستی بەڕێوەچوو.

ڕێوڕەسمی دەستبەکاربوونی سەرۆک ئەرکانی گشتیی سوپای ڕژێمی زایۆنیستی ڕۆژی رابردوو ١٦ی کانونی دووەم بە ئامادەبوونی بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیران، یوئاف گالانت وەزیری جەنگ، هێرزی هالێڤی سەرۆکی نوێی ئەرکانی گشتیی سوپا، و ئەڤیڤ کۆخاڤی سەرۆکی پێشووی ئەرکانی گشتی سوپای رژێمی زایۆنیستی بەڕێوەچوو. بە بەرزکردنەوەی پلەی هالێڤی بۆ جەنەڕاڵ ناوبراو وەک سەرۆکی نوێی ئەرکانی گشتی سوپای ئیسرائیل دەستی بە کارەکەی کرد.

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لەم ڕێوڕەسمەدا رایگەیاند: ئێمە بۆ ڕێگریکردن لە گەیشتنی چەکەکانی ئێران بۆ سوریا هەوڵی خۆمان دەدەین. ئێمە بەردەوام دەبین لە بە ئامانجگرتنی پێگەکانی ئێران لە سوریا. ئێمە بە جددی رووبەڕووی هەڕەشەکانی ئێران دەبینەوە و ڕێگری لەو وڵاتە دەکەین کە چەکی ئەتۆمی بەرهەم بهێنێت.

یوئاف گالانت، وەزیری جەنگی ئیسرائیل هەروەها لەم ڕێوڕەسمەدا وتی: ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ گروپەکانی خۆڕاگری لە لوبنان و کەرتی غەززە هەیە و هەمیشە ئەم ئەگەرە لە ئارادایە. هەروەها ئەگەری پەرەسەندنی گرژییەکان لە کەرتی ڕۆژئاوا هەیە.

سەرۆک نوێی ئەرکانی گشتیی سوپای ئیسرائیل لە میانەی ئەم ڕێوڕەسمەدا وتی: لە سنوورەکانی باکورەوە تا کەرتی ڕۆژئاوا و کەرتی غەززە هێشتا هەڕەشەی زۆر لە دژی ئیسرائیل هەیە کە سەرچاوەکەی ئێرانە، و سوپاش بەرپرسیارە بۆ چارەسەرکردنیان. وەڵامدانەوەمان بۆ هەڕەشەکان لە ئەدای هێزە ئەمنییەکان، توانا پێشکەوتووەکانی ڕێگریکردن و ئاستی بەرزی ئامادەیی ڕەنگدەداتەوە. نەیارەکانمان پێویستە بزانن کە ئێمە دەزانین چی بکەین و ئامادەین زیاتر لەوەی قسەی لەسەر دەکەین ئەنجامی بدەین.

ناوبراو وتیشی: ئێمە لە بەرەی دوور و مەیدانی نزیکدا سوپا بۆ شەڕ ئامادە دەکەین، سوپا بە یەکگرتوویی دەهێڵینەوە و دوور لە دەستوەردانی ئەوانی دیکە کە لە مەیدانی ئەمنی نین.

شایانی باسە، بێنی گانتز، وەزیری پێشووی جەنگی ئیسرائیل، لە مانگی ئەیلولی ساڵی ڕابردوودا، دوای هەڵسەنگاندنی بژاردە پێشنیار کراوەکان بۆ سەرۆک ئەرکانی گشتیی سوپا، “هێرزی هالێڤی”ی وەک بەرپرسی نوێی ئەرکانی گشتی سوپای ئیسرائیل هەڵبژارد. هێرزی هالێڤی تەمەنی ٥٤ ساڵە، جەنەراڵێکی ئیسرائیلیە و خوێندنی ئەکادیمی لە بواری فەلسەفەدا هەیە، لە ١١ی تەمموزی ٢٠٢١ەوە جێگری سەرۆک ئەرکانی سوپای ئیسرائیل بووە. لە کارنامەی بەرپرسیارێتیەکانی، بەڕێوەبردنی ڕێکخراوی دژە هەواڵگریی سوپا (ئامان)، فەرماندەیی یەکەی پەرەشوتوانەکان و یەکە تایبەتەکانی سوپای ئیسرائیل دەبینرێت.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *