تاڵیبان: داعش حەوت هەزار کەس لە پاکستانەوە بۆ باکووری ئەفغانستان دەنێرێت!
هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ فیرقەی ٢٠٣ی مەنسووری تاڵیبان ڕایگەیاند کە گروپی تیرۆریستی داعش سەرقاڵی ڕاهێنانی لانیکەم حەوت هەزار چەکدار لە خاکی پاکستان و ناردیان بۆ باکووری ئەفغانستانە.
مەولوی محەممەد ئاسیف زاکر، فەرماندەی لیوای دووی سنووری فیرقەی ٢٠٣ی مەنسووری تالیبان، لە نامەیەکدا بۆ بەشی هەواڵگری ئەم فیرقەیە ڕایگەیاند، گروپی تیرۆریستی داعش بەنیازە حەوت هەزار چەکداری نوێ بۆ پارێزگاکانی باکووری ئەفغانستان بنێرێت. ئەم کەسانە لە پارێزگای خەیبەر پختونخوا ڕاهێنانیان پێدەکرێت و بە تاک و بە کۆمەڵ دەگوازرێنەوە بۆ ئەفغانستان.
هەروەها فیرقەی ٢٠٣ی تاڵیبان ڕایگەیاند کە ئەندامانی داعش بە سەرۆکایەتی کەسێکی پاکستانی بە ناوی “موسڵم کوت وال” لە ناوەندەکانی مەشق و ڕاهێنان کە لە ناوچە شاخاوییەکانی تیرا ڕیشگۆڵ، کۆکۆ خێڵ، ئۆبیجەر و گەندە غەری لە ویلایەتی خەیبەر پەختونخوا دروستکراون، خولی ڕاهێنانی ئایدیۆلۆژی-جیهادیان تەواو کردووە. بڕیارە ئەم کەسانە لە ڕێگەی پارێزگاکانی لۆگەر، لغمان و چەند ناوچەیەکی پارێزگای نەنگەرهار بگوازرێنەوە ناو ئەفغانستان و دواتر بۆ شەڕکردن لەگەڵ تاڵیبان بچنە پارێزگاکانی باکوری ئەفغانستان.
دوابەدوای ئەم ڕاپۆرتە، تاڵیبان فەرمانی بە هەموو چەکدارەکانی لیوای دووەمی سنووری فیرقەی ٢٠٣ مەنسوری کردووە، بە وردی پشکنینی هەموو ئەو کەسانە بکەن کە لە سنوورەکانی پارێزگاکانی نەنگەرهار، لۆگەر، پاکتیا و لغمان دێنە ناو ئەفغانستانەوە.
پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە بنکەی سەرەکی فیرقەی ٢٠٣ مەنسووری تاڵیبان دەکەوێتە نزیک فڕۆکەخانەی شاری گەردیز، ناوەندی پارێزگای پاکتیا. ئەم فیرقەیە بەرپرسیارە لە دابینکردنی ئاسایش لە ناوچەکانی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەفغانستان، لیوای دووەمیشی بەرپرسیارە لە پاراستنی هێڵی سنووری دیورند (سنووری ئەفغانستان و پاکستان). ئەم بنکەیە لە ٨ی ئەیلوولی ٢٠٢٢ لەلایەن فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی نەناسراوەوە (ڕەنگە ئەمریکا) هێرشی کرایە سەر.
لێدوانەکان