یەکەم هێرشی مووشەکی بەرفراوانی سوپای ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا لە ساڵی ٢٠٢٣ + ڤیدیۆ

یەکشەممە 15 كانونی دووه‌م 2023 - 09:34
https://kurdish.iswnews.com/?p=21693

هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ هێزی مووشەکی و ئاسمانی سوپای ڕووسیا لە میانەی ئۆپەراسیۆنێکدا بە مووشەکی کروز هێرشیان کردە سەر چەند شاری ئۆکرانیا.

لە یەکەم هێرشی بەرفراواندا لە ساڵی ٢٠٢٣دا، هێزە مووشەکی و ئاسمانییەکانی سوپای ڕووسیا بە کەڵک وەرگرتن لە ژێردەریاییەکان لە دەریای ڕەش و هەروەها فڕۆکە ستراتیژییەکانی توپۆلیڤ ٢٢ و توپۆلیڤ ٩٥، دەیان مووشەکی کروزی ئاراستەی دامەزراوە و ژێرخانەکانی ئۆکرانیا لە شارەکانی کیێڤ، ئۆدێسا، میکۆلایڤ، زاپۆریژیا، خارکیڤ، دنیپرۆپێترۆڤسک، ڤینیتسیا، ئیڤانۆ-فرانکیڤسک و لڤیڤ کرد.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی کە میدیاکانی ئۆکرانیا بڵاویان کردۆتەوە، مووشەکەکانی ڕووسیا بەر دامەزراوەکانی وزە، دوو وێستگەی دابەشکردنی کارەبا و وێستگەیەکی پیشەسازی لە شاری خارکیڤ، یەکێک لە کارگە پیشەسازییەکانی شاری زاپۆریژیا، چەند شوێنێکی قەزاکانی کۆتۆڤسکی، ئۆساتۆیە و داچنی لە شاری ئۆدێسا، باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون لە شاری دنیپرۆپێترۆڤسک و.. کەوتووە.

هەروەها دەنگی تەقینەوە لە شارەکانی دیکەی ئۆکرانیا، وەک سامی، پۆلتاڤا، ژیتۆمیر و تێرنۆپیل بیستراوە، کە بەپێی زانیارییەکانی میدیاکانی ئۆکرانیا، پەیوەندییان بە ڕووبەڕووبوونەوەی سیستەمی بەرگریی سوپای ئۆکرانیا لەگەڵ مووشەکی کروز ڕووسی هەبووە. چەندین تەقینەوەش لە شاری خێرسۆن ڕوویانداوە کە سەرەچاوەکەی موشەک هەڵگرەکانی ڕووسیا لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ڕووباری دنیپرۆ ڕاگەیەندراوە.

جێی ئاماژەیە سەرلەبەیانی ڕۆژی رابردوو سوپای ڕووسیا هاوکات لەگەڵ فڕینی فڕۆکە بۆمب هاوێژە ستراتیژییەکانی توپۆلیڤدا بە یەک یان چەند مووشەکێکی بالیستیک هێرشی کردە سەر شاری کیێڤ کە بووە هۆی ئەوەی چەندین تەقینەوە و پچڕانی کارەبا لەو شارەدا ڕووبدات. ئەمە یەکەمجارە کە سوپای ڕووسیا بە مووشەکی بالیستیک هێرش بکاتە سەر پایتەختی ئۆکرانیا.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *